مەسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكانی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، “هەولێر خۆی بۆ ترسنۆکان ناچەمێنێت”.
دوای هێرشەكانی سەر شاری هەولێر كە لەڕێگەی ژمارەیەك مووشەكەوە ئەنجامدران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “هەولێر خۆی بۆ ترسنۆکان ناچەمێنێت. ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرایەسەر چەند شوێنێکی هەولێر بە توندی شەرمەزاردەکەم”.
لە پەیامەكەیدا کە لە پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە “خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری هەولێر دەکات ئارامبگرن و ڕێنمایی دەزگا ئەمنییەکان جێبەجێبکەن”.
كاتژمێر یەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەڕێگەی مووشەكەوە هێرشکرایەسەر شاری هەولێر و ژمارەیەك لە مووشەکەکان بەر ناوچەی نیشتەجێبوون کەوتن، بەپێی لێدوانی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، هێرشەكان زیانی گیانییان لێنەكەوتووەتەوە و زیانەكان تەنها ماددی بوون.