ڕوسیا – ئۆكرانیا.. ‏
لە ترسی جەنگی ئەتۆمی و ئەلیكترۆنییەوە بەرەو شەڕی “خۆبەخش و بەكرێگیراو”‏

شەڕی ڕوسیا – ئۆكرانیا، چیتر شەڕی ئەو دوو وڵاتە نەماوە، بەڵكو گەل و هاوڵاتییانی وڵاتانی دیكە چوونەتە شەڕەكەوە و دابەشبوون بەسەر هەردوو بەرەی جەنگەكەدا، بۆیە زیادەڕۆیی نییە وەسفی جەنگی “خۆبەخشان” و “بەكرێگیراوان” بەسەر شەڕەكەدا بسەپێنرێت.

پێش شەڕی ڕوسیا – ئۆكرانیا، بیركردنەوەی ناوەندە جیهانییەكان و شیكەرەوەكان بەرەو ئەوە بوون، كە هەر جەنگێكی دیكەی نێوان دوو وڵاتی بەهێز، ئەگەری هەیە بپەڕێتەوە بەرەو جەنگی ئەلیكترۆنی و تەكنەلۆژی، تەنانەت ترس لە پەڕینەوەی شەڕ بەرەو بەكارهێنانی چەكەكانی ئەتۆمی و كۆمەڵكوژ.

ترس لە جەنگی ئەلیكترۆنی و ئەتۆمی!

لەگەڵ دەستپێكی شەڕ و هێرشی ڕوسیاش بۆسەر ئۆكرانیا، هەر زوو ترسی هەڵكشانی شەڕەكە بەرەو جەنگی ئەلیكترۆنی و ئەتۆمی، جیهانی داگرت، بەتایبەت بەهۆی بوونی چەند وێستگەیەكی ئەتۆمی لە ئۆكرانیا و هەروەها مێژووی ڕوسیا لە دەستوەردانە ئەلیكترۆنییەكان، لە نموونەی قسەی بەشێك لە ئەمریكییەكان لەبارەی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا.

بەڵام پێدەچێت شەڕی ڕوسیا – ئۆكرانیا بەرەو ئەو ترس و پێشبینییە ڕەشەی “جەنگەكانی ئەلیكترۆنی و ئەتۆمی” هەنگاو نەنێت، بەڵكو ئاراستەبگرێت بەرەو “شەڕی بەوەكالەت” و بەشداریی بەناو “خۆبەخشان” و “بەكرێگیراوان – مرتزقة” لە جەنگەكەدا.

چیچانییەكانی قەدیرۆڤ.. چیچانییەكانی دیكە!

هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستپێكی هێرش لەلایەن ڕوسیاوە، ڕەمەزان قەدیرۆڤ سەرۆكی چیچان هاتە ناو وێنەكەوە و پشگیریی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا و سوپای وڵاتەكەی دووپاتكردەوە لە جەنگیان دژی ئۆكرانیا.

قەدیرۆڤ هەر زوو هێزەكانی چیچانی خستە خزمەت پوتین و شانبەشانی هێزە ڕوسییەكان، بەرەو ئۆكرانیا پێشڕەویی كرد، جارجاریش باس لە دەستكەوت و سەركەوتنی هێزەكانی دەكات لە بەرەكانی جەنگدا.

سەرۆكەكەی چیچان هەر بە بەشداریی هێزەكانیەوە نەوەستا، بەڵكو لێدوان دژی حكومەتی ئۆكرانیاش دەدات، تەنانەت داوای لە ئۆكرانییەكان كرد حكومەتەكەیان بڕوخێنن و خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست، ئەگەر نا، “لەماوەیەكی كەمدا دەچنە كیێڤی پایتەختەوە”.

پوتین و قەدیرۆڤ

بەڵام بوون و بەشداریی چیچانییەكان تەنها لە ڕەمەزان قەدیرۆڤ و هێزەكانیدا نەوەستاوەتەوە، بەڵكو چیچانیی دیكەش هەن، دژی ڕوسیا و هاوشانی ئۆكرانییەكان دەجەنگن.

ئەو چیچانییانەی دیكە، جەنگەكە بە دەرفەت دەزانن بۆ شەڕكردن دژی ڕوسیا، چونكە تا ئێستا و لە شەڕی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو و هەروەها سەرەتای ئەم سەدەیەوە، كە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بوو بۆ چیچان، مۆسكۆ بە دوژمنی یەكەم دەزانن.

ژمارەیەك لە خۆبەخشانی پشتگیری ئۆكرانیا

“خۆبەخشان”ی پاڵپشتی ئۆكرانیا

دوای دەستپێكی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا و چەند ڕۆژی یەكەمی هێرشەكە، ژمارەیەك لە هاوڵاتییانی وڵاتانی جیهان، بەتایبەت ئەوروپییەكان، ئامادەیی خۆیان پیشاندا “خۆبەخشانە” بچنە ئۆكرانیا و پشتگیریی وڵاتەكە بكەن دژ بە مۆسكۆ.

بەشێكی زۆری ئەو خۆبەخشانەی كە چوونەتە ئۆكرانیا، یان نیازی چوونیان هەیە، سەربازی پێشووی وڵاتانن و ئەزموونی سەربازییان هەیە و شەڕكەرن، ئۆكرانیاش بەڕێگای جیاواز دەرگای بۆ كردنەوە تا بەشداربن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی ڕوسی و پشتگیریكردنی ئۆكرانیا.

هەفتەی ڕابردوو دیمیترۆ كۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا ئاشكرایكردبوو، نزیكەی 20 هەزار شەڕكەری خۆبەخشی بیانی گەیشتوونەتە ئۆكرانیا، كە لە وڵاتانی جیاوازەوە هاتوون، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپاوە.

ئەو 20 هەزار كەسە تەنها كاروانی یەكەمە، ئەگەر نا، ژمارەیەكی زۆری دیكەی خۆبەخشان چاوەڕێی چوونە ئۆكرانیان بۆ بەشداری لە شەڕ.

یەكێك لە بەتواناترین نیشانەشكێنەكان

هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نیشانەشكێنێكی كەنەدی ڕووی لە ئۆكرانیا كردووە بەمەبەستی بەرگریكردن لەو وڵاتە و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ڕوسیا.

“واڵی” ناسناوی نیشانەشكێنەكەیە، كە خەڵكی هەرێمی كیبیك-ی كەنەدایە، یەكێكە لە نیشانەشكێنە دەستەبژێرەكانی كەنەدا و پێشتر لە ڕیزەكانی ئەو هێزەی وڵاتەكەیدا خزمەتیكردووە.

چیچانییەكان بۆ ڕوسیا بەس نەبوون

ڕوسیا بە سوودوەرگرتن لە چیچانییەكان و هێزەكانی قەدیرۆڤ نەوەستا، بەنیازە سوود لە چەكداری دیكە وەربگرێت، بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

لەو نێوەندەدا سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی ڕوسیا بیرۆكەی هاوكاریی هەزاران “خۆبەخش”ی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە خستووەتە بەردەم پوتین، بۆ ڕەزامەندیدان لەسەری.

بەپێی وتەی وەزیرە ڕوسییەكە، ژمارەیەكی زۆری داواكارییان لە خۆبەخشانی وڵاتە جیاوازەكانەوە پێگەیشتووە، كە دەیانەوێت بچنە كۆمارەكانی دۆنیتسك و لۆگانسك لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، بەمەبەستی بەشداریكردن لە شەڕ و پشتگیری لە هێزەكانی ڕوسیا، كە زۆرینەی ئەو چەكدارانە لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوەن و ژمارەشیان 16 هەزاری تێپەڕاندووە.

بەوتەی شویگۆ، داواكارییەكان هۆكاری دارایی لەپشتیانەوە نییە، “بەڵكو ویستی ڕاستەقینەی ئەو كەسانەیە”، نەیشاردەوە، “زۆریان دەناسین و پێشتر هاوكارییان كردووین لە شەڕی دژ بە داعش لە ساتە زۆر دژوارەكاندا لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا”.

بەوتەی میدیای ڕوسی، پوتین ڕەزامەندیی داوە لەسەر بیرۆكەكە.

“شەڕی بەوەكالەت”، سیمای نوێی ململانێكان

“شەڕی بەوەكالەت” و بەشداریی لایەنی سێیەم لە ململانێكانی نێوان وڵاتان، شتێكی نوێ نییە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە سیمایەكی دیاری ململانێكان.

ئێران سوودی لە چەندین گروپی هاومەزهەب وەرگرتووە و لە وڵاتانی دیكە، لە نموونەی عێراق، سوریا، یەمەن و لوبنان و چەند وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە، شەڕی سیاسی و سەربازیی پێكردوون.

لە سوریا، توركیا گروپە چەكدارە سورییەكانی بەكارهێنا دژ بە ئەزموونی ڕۆژئاوای كوردستان و ڕژێمەكەی ئەسەد، بەكاریهێنان بۆ داگیركردنی چەند ناوچەیەكی كوردستانی، ئەمە جگە لە بەكارهێنانی بەشێك لە هێزە سیاسییە سورییەكان لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە.

بۆیە دوورنییە ئەزموون و ڕەهەندی “شەڕی بەوەكالەت” و “خۆبەخش” و “بەكرێگیراوان” لە ململانێی ئۆكرانیا و ڕوسیا ڕەنگدانەوەی زیاتری هەبێت و چڕتر ببێتەوە، هەموو ئەمانەش دەریدەخەن، هێشتا جیهان لە دابەشبوون و ناكۆكیدایە و هێزە گەورەكان توانای ڕاكێشانی هێزی بچووكتری هاوبیر و هاومەزهەب و هاوئایدۆلۆژیایان هەیە، بچووكترین پزیسكی شەڕ و ناكۆكی، بەسە بۆ سەردەركردن و هەڵكشانی ئەو ناكۆكی و دژبەیەكییانە.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) لیڤەرپوڵ جیاوازییەکەی لەگەڵ سیتی کردەوە بە سێ خاڵ

بابەتی دواتر

ڕۆمانی "شەیتانەکان"ی دۆستۆیڤێسکی كرایە كوردی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share