كەی سەردەمی دەمامك كۆتایی دێت؟

دەمامك بووەتە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەماندا، بەجۆرێك تەنانەت قورسە بیر لەوە بكەینەوە بچینە شوێنێكی قەرەباڵغ و دەمامك نەبەستین.

گەر لە وڵاتێكیشدا هاوڵاتییان لەگەڵ ئەوە نەبن دەمامك ببەستن بە یاسا ناچاركراون بیبەستن، هەروەها لە هەرێمی كوردستانیش حكومەت سزای دارایی بۆ ئەو كەسانە دەركردووە كە دەمامك نابەستن.

كەی دەتوانین دەمامكەكانمان فڕێ بدەین؟

پزیشكان و پسپۆڕانی تەندروستی لە جیهاندا بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی دەمامك دەتوانێت ڕێگر بێت لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و توشبوون كەم دەكاتەوە، هەرچەندە هاوڵاتییانی چەندین وڵات پێیان وایە ناچاركردنیان بە بەستنی پێشێلكردنی مافی تاكەكەسییانە.

هەواڵە ناخۆشەكە بۆ جیهان ئەوەیە، زۆرینەی زاناكان پێیان وایە مرۆڤایەتی لە كاتێكی نزیكدا ناتوانێت دەستبەرداری دەمامك بێت و ناچارە خۆی لەگەڵدا ڕابهێنێت.

پێگەی WebMDی پزیشكی چەند ئەگەرێكی خستووەتەڕوو بۆ كۆتاییهێنانی بە زەمەنی دەمامك، كە بریتین لە..

-بەردەستبوونی ڤاكسینێكی كاریگەر و بەكارهێنانی بەشێوەیەكی بەرفراوان و زۆرترین خەڵك لە جیهاندا دەستی بكەوێت، ڕۆڵیشی هەبێت لە كەمكردنەوەی ژمارەی توشبوون بە كۆرۆنا.

-دەستكەوتنی “بەرگرییەكی تەواو” دژ بە كۆرۆنا.

-هەمووان چاكببنەوە لە كۆرۆنا.

لەلایەكی دیكەوە دكتۆر مارك كۆرتیبیتەر، پزیشك و شارەزا لە بەرگریی بایۆلۆجی چەند هۆكارێكی باس كردووە كە پێویستە دەمامك ببەسترێت بۆ ماوەیەكی دوورتر لەوەی پێشبینی دەكرێت، لەوبارەیەوە بە پێگەی ئیكسپرێسی ڕاگەیاندووە، “ناكرێت و قورسە ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی جیهان بە خێرایی ڤاكسینیان دەست بكەوێت”.

ئەو پزیشكە باسیلەوەشكردووە، “گەر ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەردەستبێت ئەوا سەرەتا دەدرێت بەو كەسانەی ئەگەری توشبوونیان زۆرە بە كۆرۆنا، دواتر گەر خواستیشت هەبێت لەوەی بكوترێیت بەو ڤاكسینە ئەوا ئاسان دەستت ناكەوێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “گەر چانسیشت هەبێت ڤاكسینەكەت بەركەوێت و بكوترێیت، ئەوا پاش ماوەیەك بەرگرییەكەت دادەبەزێتەوە و ڕەنگە پێویستت بە ڤاكسینی دیكە هەبێت، دەی ئەوەش وات لێدەكات تۆ لەنێو كۆمەڵگاكەتدا هەوڵی خۆپارێزی بدەیت بۆ ئەوەی تووش نەبیت”.

وتەكانی ئەو پزیشكە دەرخەری ئەوەیە، تا ئێستا ئەوە نەخراوەتەڕوو كە ڤاكسینەكانی پێشبینی دەكرێت بخرێنەڕوو دەتوانن تا كاتێكی دوورمەودا بەرگریی لەشت دژ بە كۆرۆنا زیاد بكەن.

 

لەگەڵ ئەوەی كۆمپانیای بواری دەرمان مۆدێرنا وەك دووەم كۆمپانیای ئەمریكی ئاشكرایكرد، ڤاكسینێكیان بەرهەمهێناوە بە ڕێژەی 94.5% دژ بە كۆرۆنا كاریگەرە، تەندروستیی هەرێم ڕاگەیاند، “تا یەك كەس مابێت لە هەرێم ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا وەرگرێت، دەبێت هاوڵاتییان بەردەوام بن لە خۆپارێزی”.

تا ئێستا، دەمامك بە كاریگەرترین ڕێگا دادەنرێت بۆ خۆپارێزی لە توشبوون بەكۆرۆنا و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە.

تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، بەگوێرەی پێگەی “worldometers” تا ئێستا 55 ملیۆن و 122 هەزار و 587 كەس لە جیهاندا تووشی كۆرۆنا بوون، هەروەها یەك ملیۆن و 328 هەزار و 811 توشبووی كۆرۆنا لە جیهاندا مردوون و 38 ملیۆن و 318 هەزار و 717 توشبووش چاكبوونەتەوە.

بابەتی پێشتر

ئەردۆغان بۆ ناردنی هێز بۆ ئازەربایجان داوای ڕەزامەندیی پەرلەمان دەكات

بابەتی دواتر

عێراق.. 21 تاوانبار بە "تیرۆر" لەسێدارەدران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share