ملیاردێری تورک، موحسین بەیراک ڕایگەیاندووە، تیمەکەی نزیکن لە گەیشتن بە ڕێکكەوتنێک بۆ کڕینی پشکەكانی یانەی چێڵسی بە 2.5 ملیار پاوەند.
بەیراک بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، “ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێکی دیاریکراو. بەشی یاسایی و دارایی کۆمپانیاکەمان ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری لەندەن دەست بە قسەکردن لەگەڵ تیمی یانەی چێڵسی دەکات”.
ملیاردێرە تورکەکە دەڵێت، “خەڵک باس لەوە دەکەن ئێمە لە گفتوگۆکاندا بەرەوپێشچووین، منیش پێموایە لەسەدا 90 چانسمان هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەبرامۆڤیچیش هەمان بیرکردنەوەی هەیە، وڵاتانی جیهان نایانەوێت تورکیا یانە ئینگلیزییەکە بکڕێتەوە، لەبەر ئەوە بابەتەکە بەنهێنی دەهێڵینەوە تاوەکو کاتی دیاریکراو”.
“ئێمە ئەو نرخەمان بە (2.5 ملیار پاوەند) بە میدیای بەریتانیا نەداوە، بەڵکو ئۆفەرە پێشکەشکراوەکەمان خستووەتە سەرمێزی گفتوگۆکردن، لەوە زیاتر هیچی تر ناڵێم”.
بەیراک سەرۆکی هۆزی موتکی بتلیسە و ئەندامی یەکێک لە دیارترین بنەماڵەکانی تورکیایە، گروپی (AB)ی دامەزراندووە، کە کۆمپانیایەکی گەورەیە و سەرمایەکەی 11 ملیار دۆلارە، لە کەرتی کریپتۆ و بیناسازی و گەشتیاری و وزەدا کاردەکەن.