سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا دەڵێت، وڵاتەكەی هێشتا ئامادەنییە بۆ وازهێنان لە سەرچاوەكانی وزەی ڕوسی.
مارك ڕۆتە، سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا لە ڕاگەیەندراوێكدا لە پاریس بەر لە دیداری لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بانگەشەی “كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و غازی ڕوسی و هەنگاونان بۆ وزەی خاوێن دەكات”، بەڵام لەهەمان كاتدا داوای “وەستاندنی سەرچاوەكانی وزەی ڕوسی لەمڕۆدا ناكات”.
دووپاتیشیكردەوە، “سزا قورسەكانی ئەوروپا كاریگەرییان لەسەر سەركردە و بەرپرسانی ڕوسیا دەبێت” جەخیشیكردەوە لەسەر پێویستیی وەستاندنی “خوێنڕێشتن و داگیركاریی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا”.
دوێنێ ویلایەتە یەكگرتووەكان هاوردەكردنی نەوت و غازی ڕوسیای بۆ وڵاتەكەی قەدەغەكرد، بەهۆی ئەو هێرشانەی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكردوون، لەكاتێكدا برۆكسل دووپاتیكردەوە كە لەئێستادا واز لە نەوت و غازی ڕوسی ناهێنێت.