سەرۆكایەتی كۆمار بەشێك لە ناوەرۆكی ئەو كۆبوونەوەیەی ئاشكراكرد كە ئەمڕۆ لەنێوان سێ سەرۆكایەتییەكە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەربارەی هەڵبژاردنی داهاتوو ئەنجامدرا.
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 16ی تشرینی دووەم لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، بەهۆی شێلگیری لەسەر پاكژی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی لە ساڵی داهاتوودا، ئەمڕۆ لە كۆشكی بەغداد كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بە ئامادەبوونی سەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچوو.
كۆبوونەوەكە تاوتوێی وردەكاری “گرنگی” دەربارەی پڕۆسەی هەڵبژاردن كرد بەمەبەستی فەراهەمكردنی ژینگەیەكی سەقامگیر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دڵنیابوون لە دروستی ڕێوشوێنە جێبەجێكراوەكان لەلایەن كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكانی جێبەجێكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەری ئەو ئالنگارییانەی لەبەردەستدان.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، جەختكرایەوە لەسەر گرنگی زیادكردنی ڕێژەی تۆماری بایۆمەتری و دانانی ئەو ڕێگاچارانەی دەبنە هۆی زیادكردنی پڕۆسەی تۆماركردن بەمەبەستی بەتەنها پشتبەستن بە كارتی بایۆمەتری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، لەگەڵ ئەنجامدانی ڕێوشوێنی گونجاو بەپێی یاسای زامنكردنی دەنگدانی ئاوارە و پەنابەران و عێراقییەكانی دەرەوە بە بایۆمەتری.
كۆبوونەوەكە جەختیكردەوە لەسەر پێویستی گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانی ڕەسەن بۆ پشكنینی پڕۆگرامی هەڵبژاردنەكان بە ڕاوێژ لەگەڵ تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەروەك جەختكرایەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگی و پشتیوانی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ كۆمسیۆن و زامنكردنی چاودێرییەكی كاریگەر بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ زامنكردنی پاكژی هەڵبژاردن و دەستپێكردنی هەڵمەتێكی میدیایی نیشتیمانی كە ببێتە هۆی سەرلەنوێ گەڕانەوەی متمانەی دەنگدەر بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و هانیبدات لەسەر بەشداری لەسەر هەڵبژاردنەكان.