ئامارەكانی ئەمساڵ.. بە 67 ڕۆژ، 15 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون

ئەمڕۆ 8ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنانە، بەپێی ئامارەكانی لیژنەی تایبەتمەندی ‏پەرلەمانی كوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 15 ژن کوژراون، بەو مانایەی بە 67 ‏ڕۆژ، 15 ژن كوژراون.‏

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، شادی نەوزاد جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن ‏لە مافەکانی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، “لەمساڵدا 15 ژن کوژراون، کە ‏ڕێژەکە بەراورد بە نزیكەی دوو مانگی ساڵی ڕابردوو بەرزە و توندوتیژی و کوشتنی ‏ژنان زیادیکردووە”. ‏

ئەمە سەرەڕای ئەوەی جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان پێیوایە ‏‏”دادگاکان ڕۆڵیان باش نییە لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی ژناندا، ڕێکارەکان بۆ ‏یەکلاییکردنەوەی دۆسیەیەک زۆرن و کاتێکی زۆری دەوێت”، بۆیە پەرلەمانتارەكە ‏ئەوە بە گرفت دەزانێت.‏

هەر لەو بارەیەوە، سەرکەوت عومەر بەڕێوەبەری گشتیی توندوتیژیی خێزانی لە سلێمانی ‏بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەمساڵدا تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو ‏حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبوون، لەكاتێكدا ساڵی 2021 لە سنووری سلێمانی 10 ژن ‏کوژراون”. ‏

ئاماژەی بەوە کرد، بەراوردکردن لەنێوان ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوودا ئێستا ناکرێت، بەهۆی ‏ئەوەی تەنها دوو مانگی ساڵی نوێ تێپەڕیوە.‏

ئەو بەرپرسەی توندوتیژیی خێزانی لە سلێمانی پرسەكەشی بەستەوە بە خراپیی دۆخی ‏ئابوری و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان و “ڕووداوەکانی بە زۆر دانەنا”، “هەرچەندە ‏کوشتنی یەک ژنیش لای ئێمە ژمارەیەکی زۆرە”، عەمید سەرکەوت وای وت. ‏

پێشیوایە، ئەو هەوڵانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەوە ‏دەدرێن، ڕۆڵی زۆریان هەبووە لە کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان. ‏

بەپێی دوایین ئامارەکانی بەردەستی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە جیهاندا، بە لایەنی کەم ژنێک ‏لە هەر 3 ژنێکی تەمەن 15 ساڵ و گەورەتر، یەکجار لە تەمەنیاندا تووشی توندوتیژیی ‏جەستەیی یان سێکسی بوون، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئاستی توندوتیژیی دژ بە ژنان و ‏کچان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە نەگۆڕیی ماوەتەوە.‏

بابەتی پێشتر

زیلینسكی خەڵاتی ڕیگان-ی بۆ ئازادی پێدرا

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: سنوورێک بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە پێیانوایە شەرەف لە ژنکوژیدایە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهۆی شۆرتی کارەباوە تانکەرێک سووتا

لەسەر رێگای کەلار – پەروێزخان تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی ئاگریگرت و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی گەرمیانەوە توانرا کۆنتڕۆڵبکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share