بافڵ جەلال تاڵەبانی: سنوورێک بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە پێیانوایە شەرەف لە ژنکوژیدایە

بافڵ جەلال تاڵەبانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، پێویستە دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە یاسا و سزایەکی توند سنوورێک بۆ ئەو جۆرە عەقڵییەت و کەسانە دابنێن، کە تائێستا پێیانوایە شەرەف لە ژنکوژیدایە.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، ‌‎ئاشکرایە ژنان لە مێژووی ئێمەدا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نادادی، قوربانیی گەورەیان داوە لەپێناو یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. ئەمڕۆ یادی هەموو ئەو ژنە تێکۆشەرانە دەکەینەوە و بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانیان دەڕوانین. لەھەمان کاتدا خۆمان بە پاڵپشتی ڕاستەقینەی ژنانی ئازادیخواز و نوێخوازی ئەمڕۆ دەزانین.

‎هەروەك نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەڵكشانی ئامارەکانی توندوتیژیی دژی ژنان دەردەبڕێت و دەڵێت، “تائێستا ئەم دیاردە دزێوە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا بەردەوامی ھەیە. بۆیە لەم یادەوە پێویستە دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵێن بدەن بە یاسا و سزایەکی توند سنوورێک بۆ ئەو جۆرە عەقڵییەت و کەسانە دابنێن، کە تاوەکو ئێستاش پێیانوایە شەرەف لە ژنکوژیدایە”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتیشیدەكاتەوە، ‌ئێمە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاندەری ‌‎ژنانی کوردستانین و بە توندی دژی هەموو جیاکارییەکی ڕەگەزی و نایەکسانییەک دەوەستینەوە. بەگرنگییەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ژنان دەڕوانین لە کۆمەڵگەدا و بە خەباتی لە مێژینە و ئەرکی خۆمانی دەزانین.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share