چەمچەماڵ لە بەستنی پێوەری زیرەكی ئاو بەخشرا، بەو پێیەی بەدەست كەمئاوییەوە دەناڵێنن، خەڵكی دەربەندیخانیش بەهەمانشێوە بەستنی پێوەری زیرەكی ئاو ڕەتدەكەنەوە، بە بیانووی ئەوەی كەمئاون، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی پێیوایە، ئەو هۆكارانە لە دەربەندیخان بوونی نییە تا وابكات پێوەری زیرەكیان بۆ نەبەسترێت.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، بەختیار تاهیر بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی ڕایگەیاند، “50%ی خەڵکی دەربەندیخان ئەو پێوەرەی بۆ ئاو دانراوە، ڕەتیدەکەنەوە و داوای دەرکردنی کۆمپانیاکەش دەکەن لە شارەکە، لەکاتێکدا هیچ کێشەیەکی ئاو لە دەربەندیخان بوونی نییە”.
بەرپرسەكەی ئاوی دەوروبەری سلێمانی وتی، خەڵکی ئەو قەزایە باس لەوە دەکەن ئاوەکەیان پیسە و شیاونییە بۆ خواردنەوە، هەروەها کێشەی کەمئاوییان هەیە، “بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر پیسی و نەشیاویی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە، لەسەرجەم تێستەکانی خۆپاراستنی سلێمانیدا دەرکەوتووە شیاوە بۆ خواردنەوە”.
بەختیار تاهیر وتی، “نزیکەی 50%ی دانیشتووانی دەربەندیخان پێوەری زیرەكی ئاویان بەستووە، بەڵام هەندێکیان لێیانکردووەتەوە و ناڕازین، یاداشتێکیان داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەزاکە بۆ دەرکردنی کۆمپانیای جێبەجێکار لە دەربەندیخان”.
هەر ئەمڕۆ لەبارەی هەمان کێشەوە کە لە چەمچەماڵ هەیە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەئامادەبوونی قائیمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ و نوێنەری کۆمپانیای “گرنگ” کە سەرپەرشتیی بەستنی پێوەری زیرەک دەکات، بڕیار لەبارەی پێوەری زیرەک لە چەمچەماڵ درا.
بەپێی بڕیاری نوێ، لە قەزای چەمچەماڵ پێوەری ئاو نابەسترێت، بەهۆی ئەوەی کێشەی کەمئاوییان هەیە و تەنانەت لە وەرزی زستانیشدا كێشەكە بەردەوامە، بۆیە بە شێوەیەكی تایبەتمەند مامەڵە لەگەڵ قەزاکە دەکرێت.