چین نێوەندگیری لەنێوان ڕوسیا و ئۆكرانیادا دەكات و فەرەنسا هۆشداری دەدات لە پەڕینەوەی جەنگ بۆ ئەوروپا
حكومەتی چین، پێشنیازی نێوەندگیریكردن لەنێوان ڕوسیا و ئۆكرانیادا دەكات لەپێناو ڕاگرتنی جەنگ، حكومەتی فەرەنساش هۆشداری دەدات لەوەی جەنگەكە هەڵبكشێت و بپەڕێتەوە بۆ خۆرئاوای ئەوروپا.
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئارەزوومەندە بەنزیكترین كات وتووێژ لەنێوان ڕوسیا و ئۆكرانیادا ڕێكبخات.
وەزیری دەرەوەی چین ئەو دەستپێشخەرییەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكراكرد و وتی، دۆخەكەی ئێستای ئۆكرانیا ئاڵۆزە و لە شەو و ڕۆژێكدا ڕووینەداوە، چارەسەركردنی گرفتە ئاڵۆزەكانیش پێویستی بە ئارامی و ئەقڵمەندییە نەك قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان و بەنزینكردن بە ئاگردا.
هاوكاتی ئەم دەستپێشخەرییەی چین، حكومەتی فەرەنسا هۆشداری دەدات لە زیاتر پەرەسەندنی جەنگی ڕوسیا و ئۆكرانیا و ترسی هەیە لەوەی جەنگەكە هەڵبكشێت و بپەڕێتەوە بۆ خۆرئاوای ئەوروپا.