وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسایەكیان بۆ پاڵپشتیكردنی كەسانی كەمدەرامەت ئامادەكردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی عێراق كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردووەتەوە، دوای كۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق پێشنیازێكی فەرمیی پێشكەشی پەرلەمانتاران كردووە كە خۆی لە پڕۆژەیاسایەكدا دەبینێتەوە تایبەتە بە پاڵپشتیكردنی كەسانی هەژار و كەمدەرامەت لەم دۆخەی ئێستادا.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە كرد، “ئامانجی پڕۆژەكە هاوكاریكردنی چەند توێژێك و زیادكردنی دەرماڵەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتییە”.
لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتدا هاتووە، لە پڕۆژەیاساكەدا هاوكارییەكی دارایی بۆ باشكردنی سیستمی كۆبوونی خۆراك، پاڵپشتیكردنی گەنجان، باشكردنی مووچەی خانەنشینان و خانەوادەی شەهیدان تەرخانكراوە.
وەزیری دارایی باسی لەوە كردووە، پڕۆژەكە ڕێكارە یاساییەكانی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئامادە دەكرێن، دواتر دەنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەران تا بتوانرێت لەم بارودۆخەی ئێستادا گوزەرانی كەسانی كەمدەرامەت باشبكرێت.