نرخی خۆراک دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە لە جیهاندا

ئامارەکانی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) دابەزینی نرخی خۆراک نیشاندەدەن بە جۆرێک حەوت مانگە بەردەوام لە دابەزیندایە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، خوێندنەوەی نرخەکان بە گوێرەی پێوەرەکانیان لە مانگی شوبات نزمترینە لە مانگی شوباتی ساڵی 2012وە تا ئێستا.

لە راپۆرتەکەی رێکخراوی فاودا هاتووە کە نرخی نێودەوڵەتی بۆ هەموو جۆرە دانەوێڵەیەکی سەرەکی مانگانە دابەزیوە، نرخی هەناردەکردنی گەنمەشامی گەورەترین دابەزینی تۆمارکردووە.

سەبارەت بە گەنم، دابەزینی نرخی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەنجامی دابەزینی نرخی هەناردەکردن بووە، بەهۆی خێرابوونی هەناردەکردن لە رووسیاوە.

هاوتەریب لەگەڵ دابەزینی نرخی بازاڕی گەنم و گەنمەشامی، نرخی جیهانی جۆ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

بەڵام لە بەرامبەردا، نرخی گۆشتی سوور و پەلەوەر زۆرترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لە پلەی یەکەمیشدا گۆشتی مانگا دێت، کە بەشێوەیەکی سەرەکی بەهۆی بەرزبوونەوەی خواستی گەورەترین وڵاتانی هاوردەکارەوە بووە و کەمی ئاژەڵەکە بووە لە ئوستورالیا کە دابینکەرێکی سەرەکی گۆشتە.

هاوکات، نرخی شەکر بۆ دووەم مانگ لەسەریەک بەرزبووەوە، بەهۆی نیگەرانییەکان لە ئاستی بەرهەمهێنان لە بەڕازیل دوای ئەوەی ماوەی بارانبارین لە خوار مامناوەندەوە بوو.

 

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی: زیاتر لە 800 کیلۆگرام گۆشتی بەستوو لەناودەبات

بابەتی دواتر

لە سنووری کەرکوک مینێکی چێندراو تەقییەوە و باوک و کوڕێک بوونە قوربانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share