بریكاری وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەو كۆمپانیایەی تایبەت بووە بە هێنانی دەرمانی شێرپەنجە نوسراوی ساختە كردووە نەك دەرمان و دەشڵێت، لەبارەی كوالێتی ئەو دەرمانانەی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بەكاردەهێنرێت، دڵنیایی دەدەین.
ڕەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، كۆمپانیاكە ساختەكاری لەناو ئەو نوسراوانەدا كردووە كە داواكراوە بۆ ئەوەی كۆمپانیایەك پێشكەشی بكات تا تەندەری بۆ دەربچێت و دەرمان دابیندەكات.
وتیشی، “لە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ئەم حاڵەتە گومانی لێكراو و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە لیژنەی لەسەر دروستكرا، دواتر ئەو لیژنەیەك كاتی ویست تا بگاتە دەرئەنجامێك كە ئایا ئەو بابەتە پێویست دەكات ڕەوانەی دادگا بكرێت یان نا”.
ڕەهێڵ فەرەیدون ئاشكراشیكرد، مانگی ڕابردوو نوسراو ئاراستەی دادگا كراوە و دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكەی بۆ ڕەوانەكراوە، تا دادگا لێپرسینەوە و ڕێوشوێنی خۆی لە سزای یاسایی ئەنجامبدات.
دەربارەی ئەوەی ئایا تائێستا لەسەر ئەو كەسە هیچ كەسێك دەستگیركراوە، بەرپرسەكەی تەندروستیی هەریم وتی، نەخێر، چونكە دەبێت دادوەر و دادگا یەكلایی بكاتەوە كە ئایا ئەو بابەتە تاوانكارییە، واتە دەچێتە بواری سزادانەوە یان نا.
دووپاتیشیكردەوە، ئەوانیش وەك وەزارەتی تەندروستی لە دەرئەنجامی ئەو بڕیارە لەلایەن دادگاوە دەدرێت، ئەو ڕێكارانەی پێویستن چ بلۆك كردن یان مامەڵەنەكردن لەگەڵیدا دەگرنەبەر.
ڕۆژی سێشەممە ههردوو پهرلهمانتار عهلی حهمهساڵح و ئهبوبهكر ههڵهدنى له جووڵاندنى سكاڵایهكدا كه ئاراستهى داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستانیان كردووه، ئاماژهیان بهوه كرد، كۆمپانیایەك بهناوى (دلێر فارما) ماوهى حهوت ساڵه دەرمانی كۆمپانیا جیهانییەكانی ساختەكردووە و هەموو بەڵگەنامەكانی ئەو كۆمپانیایانەشی ساختەكردووە.
سەبارەت بەوەی ئایا دڵنیایی دەدەنە تووشبووانی شێرپەنجە ئەو دەرمانانەی پێیاندەدرێت كوالێتییان باشە، ڕەهێڵ فەرەیدون ڕوونیكردەوە، ئەو دەرمانانەی دێتە ناو هەرێمی كوردستان، لەلایەن كوالێتی كۆنتڕۆڵی بەغداد یان هەرێمی كوردستانەوە پشكنینیان بۆ دەكرێت، بەڵام هەندێك بابەتی شێرپەنجە هەیە دانپیادانانی لەسەر كراوە، مەرج نییە بە كوالێتی كۆنتڕۆڵ بێت، یاخود دەرمانی كۆمپانیاكی ڕێگەپێدراوە و نێودەوڵەتییە.
وتیشی، “بەڵێ بەدڵنیاییەوە بەهیچ شێوازێك ڕێگەنادەین دەرمانێك كە چارەسەری نەخۆش نەكات بەتایبەت لە نەخۆشخانەی تووشبووانی شێرپەنجە، گومان لە دەرمان و چارەسەرییەكەیاندا هەبێت، لەو ڕووەوە دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان”.