دادگای ئەمریكا لەبارەی پارەدانی كۆمپانیایەكی سویدی بە داعش لە عێراق هاتەدەنگ

دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریكا دەڵێت، بەڵگەكانی پارەدانی كۆمپانیای ئێریكسۆنی سویدی بە ڕێكخراوی داعش لە عێراق، بەپێی پێویست نین.

ماوەی چەند هەفتەیەكە میدیای خۆرئاوا “دۆسیەی گەندەڵیكردن”ی كۆمپانیای ئێریكسۆنی سویدی بڵاودەكاتەوە و كۆمپانیاكە تۆمەتباردەكرێت بە تێوەگلان لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق، لەوانە بەرتیل و باجدان بە ڕێكخراوی داعش لە بەرامبەر تێپەڕاندنی كاروانی شمەكەكانیدا بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا.

ئێریكسۆنی سویدی دووەم گەورەترین كۆمپانیای ئامێرەكانی پەیوەندیكردنە لەسەر ئاستی جیهان، تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە گەندەڵی بە بڕی ملیۆنان دۆلار لە عێراق.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامەی بلومبێرگی ئەمریكی ڕاپۆرتێكی لەبارەی دۆسیەكانی كۆمپانیاكەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، كۆمپانیای ئێریكسۆن ملیۆنان دۆلاری خەرجكردووە لە مامەڵەی گوماناویدا بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ فرۆشتنی كاڵاكانی لە عێراق.

ڕاپۆرتەكە كە پشتی بە زانیاریی “یەكێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسانی بنكۆڵكار” بەستبوو، ئاشكرایكردبوو كە كۆمپانیای ئێریكسۆن لە ساڵی 2018دا پارەكانی ڕەوانەی عێراق كردووە و بە لایەنی كەمەوە 10 فەرمانبەری كۆمپانیاكە تۆمەتبارن بە بەرتیلدان و فێڵ و شتنەوەی پارە و ئاستەنگی خستنەبەردەم ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە كۆمپانیای ئێریكسۆن ڕایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریكا پێیوایە ئەو بەڵگانەی لەبارەی دۆسیەكانەوە خراونەتەڕوو و تۆمەتباری دەكەن بە گەندەڵیكردن، بەپێی پێویست نین.

ڕۆژنامەی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتەكەیدا ڕایگەیاندبوو، “30 بارهەڵگری كۆمپانیای ئێریكسۆن بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا تێپەڕیون و بۆ هەر بارهەڵگرێك 3000 بۆ 4000 دۆلار وەك بەرتیل دراوە بە داعش”.

تۆمەتێكی دیكە كە ڕووبەڕووی كۆمپانیا سویدییەكە دەكرێتەوە، ئەوەیە كە “ژیانی كارمەندەكانی خستووەتە مەترسییەوە و پێداگیریكردووە لەسەر كاركردنیان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا و گواستنەوەی كەلوپەل لەو ناوچانەوە”.

كۆمپانیای ئێریكسۆن لەنێوان ساڵانی 2011 و 2018دا لە عێراق  1.9 ملیار دۆلار فرۆشی هەبووە، بەڵام دوای ئاشكرابوونی سەرەتاكانی ئەم دۆسیانەی لە عێراق لەسەری كەڵەكەبوون، پشكەكانی 14.5 پاشەكشەیان كردووە و بە ڕێژەی 10% لە بۆڕسەی سوید بەهاكانیان لەدەست دا.

بابەتی پێشتر

ئۆپیك پڵەس: بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەكەین

بابەتی دواتر

ڕۆمانیا بڕیارێكی بۆ عێراقییەكانی نیشتەجێی ئۆكرانیا دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share