ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی “هەوڵێكی شەرعیەتدان” بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە ڕوونكردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، “بە پەرچەكردار لەگەڵ بەغدا ناتوانین كێشەكانمان چارەسەربكەین و ئەو پێشنیازە نەخراوەتە بەردەم فراكسیۆنەكەی ئێمە”.
لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی و ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، “لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای پاراستنی بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمی كوردستان كراوە و پێشنیازی لەو شێوەیە نەخراوەتە بەردەستی ئێمە كە پەرلەمانی كوردستان شەرعیەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەستووریبوونی یاسای نەوتی گازی هەرێمی كوردستان بدات، پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق”.
وەردی ئاماژەی بەوەكرد، “لەسەر پرسی نەوت ئێمە هەموو كات لەگەڵ ئەوەداین گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بكرێت، تاوەكو شایستەی مووچەخۆران پارێزراوبێت، ئەو داهاتەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بخرێـتەوە خزمەتی خەڵك و مووچەخۆرانەوە”.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی جەختیكردەوە، “بە پەرچەكردار لەگەڵ بەغدا ناتوانین كێشەكانمان چارەسەربكەین و ئەزموونی ڕابردوو سەلماندوویەتی، كە هەركاردانەوەیەك بەرامبەر بەغدا زیان بە هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت”.