هەرچەندە وا پیشاندەدرا كە خەریكە ڕێككەوتنەكەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق دێتەكوڵ، بەڵام یاسایەك سەرلەبەری بۆچوونەكانی ئاوەژووكردەوە، كە ئەوەش یاسای “پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی” عێراق بوو.
دوو بۆچوون لەبارەی تێپەراندنی ئەو یاسایە لەلایەن عێراقەوە هەن، بۆچوونێكیان پێی وایە هێندەی تر هەرێم و عێراقی دابڕی و بۆچوونی دووەمیش ڕایەكی پێچەوانەی هەیە.
“پێویستە سەرەتایەكی نوێ دەستپێبكات”
هەرچەندە یاساكەی عێراق یاساییەكی داراییە، بەڵام پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقی بەرەو ئاڵۆزی بردووە.
لای خۆیەوە لەسەر ئەو پرسە سالار مەحمود، ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆككۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەم بابەتە بابەتێكی داراییە و ڕەهەندی سیاسیشی هەیە، بەڵام نەبووەتە هۆی دابڕینی تەواوەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەستپێدەكەنەوە و پیویستە سەرەتایەكی نوێ دەستپبكات بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغداد”.
سالار مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، “پارەی هەرێم ناتوانرێت ببڕدرێت چونكە پێشهاتێكی مەترسیدار دەبێت، هاوشێوەی ئەوە لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی ڕویدا، ئێستا عێراق بە قەیرانێكی دارایی قوڵدا تێدەپەڕێت بە قەرزكردن دەتوانێت موچە بدات، فشارەكە بۆ ئەوەیە هەرێم بڕێك نەوت ڕادەست بكات”.
“ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت هێزە سیاسییەكانی عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆن و بەهیچ جۆرێك ناتوانن وەك جاری جاران شایستە داراییەكان بنێرن و پرسی 320 ملیارەكە ئەسڵەن كۆتاییهات و دەبێت ڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ سۆمۆ بكرێت بۆ ئەوەی چەند نەوت ڕادەستكرا لەبری ئەوە پارە دەنێرن بۆ هەرێم، ناردنی ئەو بڕە پەیوەستە بە ڕێژەی ناردنی ئەو نەوتەی هەرێم دەینێرێت بۆ عێراق”، سالار مەحمود وای وت.
“هەركاتێك بیانەوێت برسیمان دەكەن، تینومان دەكەن، نانمان دەبڕن”
عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆری میدیایی ئێستای وت، “كێشەی كورد لە عێراق كێشەیەكی سیاسییە، كێشەی ئیلتزامنەكردنی حكومەتی هەرێم بە ڕێككەوتن و نەناردنی نەوتەوە نییە، ئەگەر كێشەكە سیاسی نەبوایە ئەوا هەموو عەرەب وەك یەك بیریان نەكردەوە بە شیعە و سونییەوە، خێرە عەرەبێك بە جواب نەهات لە پەرلەمان”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، “بۆیە حكومەتی هەرێم سووربوو لەسەر ئەوەی نەوت دەربهێنێت و بیفرۆشێت بە بازاڕیشی بكات، چونكە دەیزانی ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم وەرەقەی لە دژ بەكاردێنن، هەركاتێك بیانەوێت برسیمان دەكەن، تینومان دەكەن، نانمان دەبڕن”.
“ئەوە ڕاست نییە كە دەوترێت هەڵەی سیاسیی هەرێمە، ئەی هەڵەی سیاسیی عێراق لەكوێدایە؟، ئەوە خۆكوژییە كە ئێمە ڕازی بین بە چارەسەری دیموكراسی لە عێراقدا، پابەندبوون بە دیموكراسی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەخلاقیی نییە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتتر لە عێراق دیموكراسی بریتییە لە ژمارە، ئێ ژمارەش ئێمە لە پەرلەمانی عێراق 57 كەسین ئەوان 257 كەسن، عەرەبی سونی و عەرەبی شیعەش یەكن”، وەك عەلی عەونی باسیلێوەكرد.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەم پرسە ئەوەندەی دیكە هەرێم لە ناوەند دوور دەكاتەوە و ئێمەی سیاسیی ناسیۆنالیست بە حەق پیشان دەدات”.
پێویستە هەرێم چی بكات؟
سالار مەحمود، ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆككۆماری عێراق وتی، “هەرێمی كوردستان پێوستە بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، ڕێككەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغداد زۆر باشترە لە ڕێككەوتن لەگەڵ توركیا یان لەگەڵ هەر وڵاتێكی دیكە، دەبێت هەرێمی كوردستان ئەجێندایەكی هەمەلایەنە ئامادە بكات بۆ ئیستحقاقاتی كوردستان لەڕووی قوربانییانی جینۆساید و مەسەلەی خاك و ئیلتزاماتی عێراقیش لە پرسەكانی پەیوەست بە نوێنەرایەتی و شەراكەتی كورد لەناو عێراقدا”.
سالار مەحمود ئاماژەی بەوەشكرد، “كەیسەكە تەنها نەبەسترێتەوە بە موچە و پارەوە كۆمەڵێك كەیسی دیكەی دەستووری هەن پەیوەستە بە ئیستحقاقاتی هاوڵاتییانی هەرێم كە حكومەتی ناوەند كەمتەرخەمە تیاییدا،ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەو ڕێككەوتنە لەگەڵ سۆمۆدا جێبەجێ بكات، ئەوا لە ئایندەدا دەتوانرێت كۆمەڵێك گوشاری تر بكرێت لە قازانجی هەرێم بێت”.
لەبارەی چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای هەرێم، عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی ئاماژەی بهوهكرد، “ئێمە چاوەڕێی ئەوەین ئەو پەیامەی سەرۆك بارزانی داویەتی كە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و نوێنەرانمان لە بەغداد لە حكومەت و لە پەرلەمان بێن و تاووتوێی ئەو پرسە بكەن، نابێت ئێمە وا زەلیل بكرێین و بشكێندرێین لەسەر پێدانی موچە و بودجە بۆ كوردستان، كە ئەوە پاداشت نییە كە حكومەتی عێراق دەیكات، ڕاستیش ناكات كە كێشەی لەسەر بودجە هەیە و حكومەتی هەرێم داهات ڕادەست ناكات، وەك من بزانم ئەگەر ئەوان بیسەپێنن حكومەتی هەرێم ڕادەستی ناكات”.
سەركردایەتییەكەی پارتی ئەوەشی وت، “10%ی بودجەی حكومەتی عێراق دراوە بە ئێمە وای دانێ ئێمە دزین وەك ئەوەی ئەوان پیشانی دەدەن، دەی ئێمە قوتابخانە و شەقام و نەخۆشخانە و زانكۆ و زۆر خەدەماتی دیكە كە ڕوونن بونیادناوە، دەی بە 90%ەكەی بودجەی عێراق چی پێكراوە؟ كام شەقام و نەخۆشخانە دروستكراوە لە عێراق؟”.
عەلی عەونی باسیلەوەشكرد، “پەیامەكەی سەرۆك بارزانی زۆر ڕوونە دەبێت بڕیارێك بدرێت كە تیایدا كەرامەتی ئەم میلەتە پارێزراو بێت، بۆیە من بە مافی خۆمی دەزانم داوا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم یكەم بكشێنەوە لە بەغداد، هەرچەندە پێموایە عێراق بۆ پارچەبوون دەڕوات”.
سەرۆكی هەرێم: ئامادەی ڕێككەوتنین لەگەڵ بەغداد
پاش كۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، كە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وتی، ئامادەی هەموو ڕێككەوتنێكن لەگەڵ عێراقدا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی تشرینی دووەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وتی، “هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە هێزە عێراقییەکان و شێوەی دەربڕینی زمانی ئەو یاسایە، شێوەی سزادانە، سزادانی هاوڵاتییان و موچەخۆرانی هەرێمە و بە پێشهاتێكی مەترسیداری دەبینین”.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، “لە حكومەتی عێراق دەپرسین، ئەرێ هەرێمی كوردستان بەشێكی لە عێراق؟، ئایا موچەخۆرانی هەرێم بەشێكن لە موچەخۆرانی عێراق؟، ئەگەر دەڵێن، بەڵێ، ئەوە ئەو یاسایە پێچەوانەی ئەوەیە، ئەو هەنگا پێچەوانەی ئەو پرەنسیپانەیە كە عێراقمان لە دوای ساڵی 2003ەوە لەسەری دامەزراندووە”.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی وت، “دەركردنی ئەم یاسایە گەورەترین شكستی بەڕێوەبردنی عێراقە لە ئێستا، هەروەها ئەوەی ڕویدا بۆ ئێمە موفاجەئەیەکی گەورەبوو”.
لەبارەی دابینکردنی مووچەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاری لەپێشینەی ئەوان دابینکردنی مووچەیە و سوپاسی خۆڕاگریی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستانیشی کرد. گوتیشی “دەبێت بەغدا بەزووترین کات بیر لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بکاتەوە”.
لەبارەی رێککەوتنی 50 ساڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ڕوسنەفت و کاریگەری لەسەر ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغداد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەكرد، “ڕێککەوتنی 50 ساڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ڕوسنەفت، هیچ پەیوەندی بە ڕێکنەکەوتنی بەغداد و هەولێرەوە نییە”.
نێچیرڤان بارزانی، باسی لەوەشكرد، “هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرێک ئامادەیە لەسەر هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکات، کاتی ئەوەش هاتووە بەغداد شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگۆڕێت”.