کاروانێکی سەربازیی ڕوسی بەدرێژیی 27 کیلۆمەتر بەرەو کیێڤ بەڕێوەیە

لەگەڵ پێخستنە ڕۆژی شەشەمی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا، وێنەیەکی مانگە دەستکردەکانی کۆمپانیای (ماکسار) کاروانێکی سەربازیی ڕوسیا پیشاندەدات کە بەدرێژیی 27 کیلۆمەتر بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بەڕێوەیە.

کۆمپانیاکە کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە وێنەیەکی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردووەتەوە کە نوێترین وێنەی ناردنی هێزی ڕوسیە بەرەو کیێڤ، کاروانە سەربازییەکەی ڕوسیا لە وێنەکەدا دەردەکەوێت لەنزیک ئیڤانکیڤە، کە دەکەوێتە نزیکەی 40 مایل واتە 60 کیلۆمەتر لە باکووری خۆرئاوای کیێڤەوە.

بەپێی ئەو کۆمپانیایەی وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە، کاروانەکە لە فڕۆکەخانەی ئەنتۆنۆڤەوە درێژبووەتەوە تاوەکو سنووری بریبیرسک لە باکوور.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کاروانە سەربازییە کە لە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی پێکهاتوون هەندێکیان بەدوای یەکدا و بەشێکیشیان لەتەنیشت یەکترەوە بە دوو یان سێ ڕیز دەڕۆن.

لە هەندێک شوێندا لەنزیک کاروانە سەربازییەکەوە دوکەڵ دەرکەوتووە کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەوە ئەو باڵەخانە و شوێنانەن کە ئاگریانگرتووە لەناوچە جیاوازەکاندا و سوتێنراون.

هەروەها ماکسار وێنەیەکی دیکەی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ڕوسیای لە ناوچەکە بڵاوکردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە لە مینسکی پایتەختی بیلاڕوسیا شاندی ڕوسیا و ئۆکرانیا کۆبوونەوە بەمەبەستی ڕێککەوتن، دوای کۆبوونەوەکە شاندی هەردوولا گەڕانەوە بەرەو پایتەختی وڵاتەکانیان بۆ ڕاوێژکردن و بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان.

میخالیۆ پۆدلیاک یەکێک لە دانوستانکارەکانی شاندی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گرنگترین پرسەکان و ئامانجە یەکەمینەکانیان خستەڕوو وەک داواکاری بۆ یەکتری بەرلە بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانیشتنەکانیان.

بابەتی پێشتر

لە ڕووداوی هاتوچۆكەی چەمچەماڵ پێنج پێشمەرگە بوونە قوربانی

بابەتی دواتر

بۆیەکەمجار ئەمریکا داوای سزادانی کەرتی نەوتی ڕوسیا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share