ئەڵمانیا ڕێوشوێنەكانی پشتبەستن بە بۆریی غازی (نۆرد ستریم 2) ڕادەوەستێنێت

دوو كارمەند لە شوێنی بونیادنانی هێڵی غازی سروشتیی نۆرد ستریم 2 لە ساڵی 2019

بەهۆی زیادبوونی ململانێكانی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا، حكومەتی ئەڵمانیا ڕێوشوێنەكانی پشتبەستن بە هێڵی غازی ڕوسیا-ئەڵمانیا (نۆرد ستریم 2)ی تا كاتێكی دیكە ڕاگرت، بۆچی ئەو هێڵە بە بارگرژییەكانی ئەمدواییەوە گرێدراوە؟

وەك وەڵامدانەوەی جموجوڵە سەربازییەكانی ڕوسیا لە ناوچەی دونباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، حكومەتی ئەڵمانیا ئەمڕۆ پڕۆژەی (نۆرد ستریم 2)ی هاوبەشی نێوان وڵاتەكەی و ڕوسیا بۆ ڕاكێشانی غازی ڕوسی بۆ ئەوروپا سڕكرد.

ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لەگەڵ میشال مارتن، سەرۆك وەزیرانی ئیرلەندا ڕایگەیاند، داوای لە دەستەی ئەڵمانیی بەرپرس لە پرۆژەكە كردووە كاركردن تیایدا هەڵبپەسێرن.

وتیشی، ئەم پرسە “تەكنیكی دەردەكەوێت، بەڵام هەنگاوێكی كارگێڕیی پێویستە كە ڕێگری لەهەر ڕاستاندنێكی بۆرییەكە دەكات. بەبێ ئەم ڕاستاندنەش، ناكرێت نۆرد ستریم 2 بخرێتەكار”.

ڕاوێژكارەكەی ئەڵمانیا دووپاتیشیكردەوە، سزای دیكە هەیە كە ڕەنگە پشتی پێببەستین لە ئەگەری گرتنەبەری ڕێوشوینی دیكە لەلایەن ڕوسیاوە، بەڵام لەكاتی ئێستادا، پرسەكە پەیوەندیدارە بە هەنگاوی زۆر بەرجەستە.

هێڵی غازی (نۆرد ستریم 2)
لەدوای هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤیەت، ڕوسیا پارێزگاری لە گەورەترین یەدەگی غاز لە جیهاندا كرد، ئۆكرانیاش خاوەندارێتی هێڵی گواستنەوەكەی بۆمایەوە. لەوكاتەوە، وڵاتان لەبارەی ئەم خاوەندارێتییەوە لەناكۆكیدان.

(نۆرد ستریم 2) پرۆژەیەكی نوێی ڕاكێشانی غازی سروشتییە بەدرێژیی 1200 كیلۆمەتر، لە ڕۆژئاوای ڕوسیاوە درێژدەبێتەوە بۆ ئەڵمانیا لەژێر دەریای بەلتیكەوە. هێڵەكە كە تێچووەكەی ملیاران دۆلارە بووەتە كارتێكی فشاری سیاسی لە هەوڵەكانی ئەوروپا بۆ ڕێگری لە داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕوسیاوە.

كارەكانی دامەزراندنی هێڵی (نۆرد ستریم 1) لە ساڵی 2011 دەستیپێكرد، ساڵی دواتر تەواوكرا، دامەزراندنی هێڵی (نۆرد ستریم 2) لە ساڵی 2018ەوە دەستیپێكرد و لە ساڵی 2021دا تەواوبوو.

بە بەتەنها كارپێكردنی هێڵە نوێیەكە كە تائێستا چاوەڕوانی ڕێگەپێدانی كۆتاییە لە دەستەی رێكخستنی وزەی ئەڵمانیا، بڕی ئەو غازەی لە ڕوسیاوە هەناردەی ئەڵمانیا دەكرێت دەبێتە دووهێندە.

بەڵام پرۆژەكە ڕووبەڕووی ڕەخنەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بووەوە سەرەڕای ویلایەتە یەكگرتووەكان. (نۆرد ستریم 2) ئەو هێڵە زەمینییانەی دیكە تێدەپەڕێنێت كە لە هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا هەن، وەك ئۆكرانیا و پۆڵەندا.

لەگەڵ خستنەكاری هێڵە نوێیەكە، كیێڤ دەشێت 1.8 ملیار یۆرۆ زەرەرمەندبێت، ئەمەش پارەی ڕەسمی “تێپەڕبوونە” كە مۆسكۆ بەرامبەر بەكارهێنانی بۆرییە ئۆكرانییەكە بۆ هەناردەی غاز بەرەو یەكێتیی ئەوروپا دەیدات، لەهەمان كاتدا پۆڵەند ناڕازییە بەهۆی پشتگوێخستنی وەك وڵاتی تێپەڕ.

پرۆژەكە لەناو یەكێتیی ئەوروپاشدا ناڕەزایەتی لەسەر هەیە بەهۆی ترسی بەكارهێنانی غاز لەلایەن ڕوسیاوە بۆ زیادبوونی قەڵەمڕەویی خۆی لە ئەوروپادا.

پێشتر ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا (نۆرد ستریم 2)ی وەك “چەكێكی جیۆسیاسی مەترسیدار لە دەستی كرملین-دا” ناوبرد و وتی، ئەنجامی كارپێكردنی هێڵی غازەكە لەسەر كۆی “ئەوروپا” مەترسیدار دەبێت.

هەرەیەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و شانشینی یەكگرتوو سزایان بەسەر ڕوسیادا سەپاند بەهۆی پرۆژەكەوە.

بەڵام لەوەتەی دامەزراندنیەوە پشتیوانییەكی بەهێزی لە ئەڵمانیاوە دەكرا لەڕێی هەردوو حكومەتی پێشووی شرۆیدەر و مێركل، وڵاتەكە هیوای بەوەبوو هێڵە نوێیەكەی غاز فشارەكانی سەری كەمبكاتەوە و ببێتەهۆی بەردەستخستنی وزە لە ئەوروپادا.

پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو سزایانەی هەڵگرت كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوو بەسەر كۆمپانیا ئەڵمانییەكاندا سەپاندبووی بەهۆی (نۆرد ستریم 2) پاش وتوێژەكانی نێوان ئەنجێلا مێركڵ، راوێژكاری پێشوو و جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا. بە لە سەرەتاكانی ئەمساڵدا بایدن ڕایگەیاند، (نۆرد ستریم 2) دادەخرێت ئەگەر ڕوسیا ئۆكرانیا داگیربكات.

لە بەرامبەردا ڕوسیا سوورە لەسەر ئەوەی (نۆرد ستریم 2) پرسێكی ئابورییە و دەبێت بە سیاسی نەكرێت. مۆسكۆ ڕەخنەی لە پاڵنەری ڕاستەقینەی بەرهەڵستییەكانی واشنتن گرت و پێیوایە، ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك گەورە بەرهەمهێنی نەوت و غاز لە جیهان، دەیەوێت بڕێكی زۆرتری نەوت و غازی وڵاتەكەی بە ئەوروپا بفرۆشێت.

بابەتی پێشتر

واده‌ى بانگهێشتكردنى وه‌زیری دارایی بۆ په‌رله‌مان دیاریكرا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران ناوی كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆماری بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share