جوتیار عادل: سیاسەتی نەوتی هەرێم ڕاست و دروستە و لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ دەكەین

وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دووبارە ڕەتكردنەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دووپاتدەكاتەوە، بەرگری لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و دەشڵێت، لەگەڵ حكومەتی عێراق لەوبارەیەوە گفتوگۆ دەكەن.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم قسەی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو كردووە، لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاندووە، “ئەم دۆسیەیە ئاڵۆزە، ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام بووین لەم بابەتە و گرفتێکمان هەبوو، لە شوباتی ٢٠٠٧ بەیەکەوە ڕەشنووسێکی یاسای نەوت و غازی عێراقمان داڕشت، بەڵام تاکلایەنە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەم ڕەشنووسە هەموارکرایەوە، کە ئەمەش وایکرد ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی لە بەهاکەی بەتاڵبکاتەوە، بۆیە ئەو ڕەشنووسەی کە پێشتر لەسەری رێککەوتبووین، جێبەجێ نەکراوە”.

ئەوەشی بیرهێناوەتەوە، “ئێمە لەسەردەمی حکومەتەکەی مالکی رێککەوتنمان کرد کە تا یاسای نەوت و غازی عێراق دەردەچێت، هەر لایەک بۆی هەیە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا بکات، هەر بۆیە ئەو کێڵگانەی کە پێویست بوو گەشەیان پێبدرێت، بۆیە هەرێمی کوردستان ئەو کێڵگە نوێیانەی گەشەپێداوە، چونکە لە دەستووردا ئاماژە دەکات کە تەنها ئەو کێڵگانەی هەن عێراق بۆی هەیە گەشەیپێبدات، نەک ئەوانەی نوێن”.

وتەبێژەكەی حكومەتی هەرێم دووبارە بەرپەرچی بڕیارەگەی دادگای فیدراڵی دەداتەوە و دەڵێت، “ئێمە بە بڕیارێکی سیاسیی دەبینین، بۆیە ئێمە لە حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا ئەم بڕیارەمان ڕەتکردەوە و لەلای ئێمە قبوڵکراو نیە، دەسەڵاتەکانی دەستووریی هەرێم لەم بوارەدا ڕەچاونەکراوە، تەفسیرێک کراوە کە بەداخەوە ئەم تەفسیرە نەک هەر لەبەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمدا نیە، بەڵکو بەبۆچوونی ئێمە ئەم جۆرە بڕیارانە لە بەرژەوەندیی ئایندەی سیاسیی عێراقیشدا نیە”.

سەرەڕای ڕەتكردنەوەكە، بەڵام جوتیار عادل ڕایگەیاند، “بڕیارەکانی دادگا تانەی لێنادرێت چونکە دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و هەڵوێستی خۆمان ڕوونکردووەتەوە، ئەم بابەتە بەلای ئێمەوە بابەتێکی هەستیارە، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لەگەڵ حکومەتی عێراق”.

وتەبێژەكەی حكومەتی هەرێم دڵنیاییش دەدات بە وڵاتان و كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بەوەی “ئێمە پابەندین بەو ئەرکانەی لەبەرامبەر کۆمپانیا و وڵاتان هەمانە، ئەو پابەندبوونە بە نیسبەت حکومەتەوە ئەولەویەتی هەیە “.

بەرگریش لە گرێبەستە نەوتییەكان و سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، جوتیار عادل دەڵێت، “حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم بابەتە، چ لەسەر بنەمای دەستوور بێت، کە ئێمە دڵنیاین لەو گرێبەستانە پشتمان بە دەستوور و یاسای نەوت و غازی هەرێم بەستووە، بۆیە ئێمە بە قەناعەتێکی تەواو ئەو سیاسەتەی کردوومانە سیاسەتێکی ڕاست و دروست بووە”.

بابەتی پێشتر

ڕۆژى جیهانیی زمانی دایكە و 43%ی هەموو زمانەكان كەوتوونەتە مەترسییەوە

بابەتی دواتر

دۆكیومێنتارییەك: چاپلن چوار ژنی هەرزەكاری هەبووە‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share