توێژینەوەیەك مەترسییەكانی سەر مێشكی ئاسمانگەڕەكان ئاشكرادەكات

توێژینەوەیەك ئەو مەترسییانە ئاشكرادەكات كە هەڕەشە لە مێشك و بەشەكانی تری جەستەی گەردوونناسانی ئاسمانگەڕ دەكەن و دەڵێت، “مەترسییەكان تا ڕادەی نەخۆشیی كوشندەن”.

بڵاوكراوەی “فرۆنتیرز ئین نیوراڵ سێركیتس” توێژینەوەیەكی لەبارەی كاریگەرییەكانی مانەوە لە بۆشایی ئاسماندا لەسەر مێشكی ئاسمانگەڕەكان كردووە. توێژینەوەكە پشكنینی (ئێم ئاڕ ئای)ی بۆ مێشكی چەند گەردوونناسێكی ئەمریكی و ڕوس كردووە، بەشێكیان پێش گەشتكردنیان بۆ بۆشایی ئاسمان، بەشێكی تریشیان دوای مانەوەیان بۆ ماوەی شەش مانگ لە بۆشایی ئاسماندا و گەڕانەوەیان لە گەشتەكانیان.

ئەنجامی پشكنینی (ئێم ئاڕ ئای) دەریخستووە، بە مانەوەی گەردوونناسان لە بۆشایی ئاسماندا، گۆڕانكاری لە كۆئەندامی دەماریاندا دێتەئاراوە، بەشێك لە گۆڕانكارییەكان پەیوەندییان بەو خۆگونجاندنەوە هەیە، كە لە بۆشایی ئاسماندا دەیكەن بەمەبەستی ڕاهێنانی جووڵەكردنیان لە ژینگەیەكدا كە هێزی كێشكردنی نییە.

توێژەران دەڵێن، گۆڕانكارییەكی تر لەو شوێنەدا دروستبووە كە هەردوو بەشەكەی مێشك بەیەكەوە دەبەستێتەوە و ڕۆڵی “تۆڕی پەیوەندیكردن” دەگێڕێت و شلەی تیادایە، ئەم بەشە لەكاتی گەشتی ئاسمانیدا گەورە دەبێت، بەڵام گەورەبوونەكە تەنها لە شێوەدایە و ڕاستەقینە نییە.

پێشتر پرۆگرامی توێژینەوە مرۆییەكان لە ئاژانسی ناسا ڕایگەیاندبوو، ئەو كەسانەی گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان دەكەن، ڕووبەڕووی پێنج مەترسی دەبنەوە، لەوانە بەركەوتنی تیشك كە دووچاری شێرپەنجە یاخود كێشەی گەورەی تەندروستییان دەكاتەوە.

بەپێی توێژینەوەی ئەو پرۆگرامەی ناسا، مەترسییەكانی تر بریتین لە گۆشەگیری و تێكچوونی باری دەروونی و ڕاڕایی و گرفت لە نووستن، سەرباری دروستبوونی گرفت لە دڵ و ئێسك و ماسوولكەكاندا و پووكانەوەی بەشێك لە ماسوولكەكانی ئەو كەسانە، بە جۆرێك هەر كەسێك 5 بۆ 11 ڕۆژ لە بۆشایی ئاسماندا بمێنێتەوە، ڕێژەی 20%ی ماسوولكەكانی لەشی لەدەستدەدات.

بابەتی پێشتر

فیۆرنتینا 1-0 ئاتالانتا

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) یونایتد چوارینەی بەرامبەر لیدز تۆمارکرد و لە پلەی چوارەمدا جێگیربوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share