شارەزایەكی سیاسی پێیوایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی فشارە ئابورییەكانی هەرێم زیاددەكات، بەڵام دەكرێت بە بەیەكەوە زەمینەسازی و هەڵسەنگاندنی زانستی، بڕیاری دروست و قازانجبەخش بدرێت، توێژەرێكی ئابوریش دەڵێت، بەرژەوەندیی كۆمپانیاكان، هەرێم و بەغداش لەوەدایە جێبەجێبكرێت و ڕێكبكەون.
بڕیارەكەی سێشەممەی ڕابردوو 15ی ئەم مانگەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە ڕادەستكردنی نەوت و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم، هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندیی عێراق دەخاتە بەردەم بژاردەی ڕێكخستنەوەی كەرتی نەوت و وزە.
هەرێمی كوردستان، كە چاوەڕوانیی دەرچوونی بڕیارەكەی نەدەكرد، پێیوایە ئەو دەسەڵاتەی لە دەستووردا بۆی دیاریكراوە كەمدەكاتەوە و لەزیاندایە، بۆیە هەرزوو بڕیارەكەی ڕەتكردەوە، لەكاتێكدا كاردانەوە میللییەكان بەسەر دوو بەرەی پێشوازی و دژدا دابەشبوون، شارەزایانی سیاسی و ئابوریش پێیانوایە دەكرێت بڕیارەكە بە سوود بۆ هەرێم و خەڵكەكەی تەواو بێت.
لەكاتێكدا بڕیارەكە دەرچووە و بواری تانەلێدان و پێداچوونەوەی نییە، هەرێمی كوردستان تەنها دەروازەی جێبەجێكردنی لەبەردەمدایە، پرسیارەكەش ئەوەیە، چی بكرێت؟
ئەبوبەكر كاروانی، نووسەر و شارەزای سیاسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بوەستێتەوە، پێش هەموو شتێك دەبێت هەرێمی كوردستان وەك هەرێم مامەڵە بكات، سەرەتا پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لانیكەم ئەوەندە چاكبكرێتەوە بەكەڵكی ئەوەبێت كە دید و هەڵوێستێكی هاوبەشیان بەرامبەر پرسەكان هەبێت. دواتر هەوڵبدەن لەگەڵ هێزە كوردستانییەكانی دیكەدا پێكەوە هەماهەنگی بكەن، چونكە ئاڵنگارییەكی گەورەیە و بەتەنها هێزێك، یان بە پەرشوبڵاوی مامەڵەلەگەڵكردنی، یان سەنگەر لەیەكگرتن، ئاریشەكان قوڵتر دەكاتەوە.
وتیشی، “دووەم هەنگاویش ئەوەیە، پێش تاوتوێكردنێكی زانستیانەی ئەگەر، سیناریۆ و كارتەكان هیچ بڕیارێكی تاكلایەنە یان فەرمی نەدرێت، بۆ ئەوەی بەیەكەوە زەمینەسازی و هەڵسەنگاندن بكرێت، هەڵسەنگاندنەكەش بەشێوەیەكی زانستی و هەمەلایەنە بێت، واتە دووربێت لە سۆز و بەرژەوەندیی تاكحزبی، بەدیدێكی نیشتمانییەوە بە شێوەیەكی واقیعیانە و زانستیانە و بابەتیانە، كۆی پرسەكان و دەرفەتەكان و مەترسییەكان شیبكرێتەوە، ئەوكات بەو شێوازە بڕیار دروستدەكرێت، دید و بڕیارێكی كوردستانی لەبارەیەوە دروستبكرێت”.
كاروانی دووپاتیشیكردەوە، “گەر ئەو دوو هەنگاوە نەهێنرێتەدی و ناكۆكییەكان هەر بەردەوامبن، كاردانەوەكان سەرپێیی، كاتی، نازانستی و سۆزدارانە بن، ڕەنگە باجەكە بۆ خەڵكی كوردستان و هێزە سیاسییەكانیشی گەورەتربن”.
لای خۆیەوە محەمەد حسێن، توێژەر و شارەزای ئابوری بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “گەر بە لۆژیكی بدوێین، هەرێمی كوردستان زۆری پێناكرێت، ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر هەر زۆر زۆر فشار لەخۆی بكات، ئەوەیە لە ئێستاوە تا ساڵێكی دیكە كات بكوژێت، بەڵام لە ئەنجامدا هەر دەبێت بگاتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستیپێكردووە”.
بۆیە بەڕای ئەو شارەزایە، “باشترین و نمونەییترین چارەسەر بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە لەگەڵ بەغداد ڕێكبكەوێت، تا بڕیارەكانی دادگا بەجۆرێك جێبەجێبكەن كە كەمترین ئازار و زیانی هەبێت”.
محەمەد حسێن ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد بە ئاسانتر لە ڕێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر ناودەبات و وتی، “هەرێم بۆچی دەتوانێت لەگەڵ توركیا و ئێراندا ڕێكبكەوێت لەسەر پرسەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و نەوت، بۆ ناتوانێت لەگەڵ بەغداد ڕێكبكەوێت؟ كە وا دەردەكەوێت كورد هاوبەشی دەسەڵاتە لە بەغداد”، ئەوەشی وت، “ئەگەر ویستی سیاسی هەبێت، پرسەكە پرسی تەكنیكی و بازرگانین، واتە تۆ بۆ نمونە ئەگەر كۆمپانیای سامانە سروشتییەكان ناوبنێیت كۆمپانیای نەوتی كوردستان و بەشێك بێت لە بەغداد چ كێشەیەكە؟ لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق”.
دەربارەی ئەوەی هەرێم لە ڕووی ئابورییەوە دەتوانێت چی بكات، ئەبوبەكر كاروانی وتی، “بڕیارەكە فشارێكی گەورەتری ئابوری دەخاتەسەر دۆخی ئابوریی كوردستان كە لە بنەڕەتدا لە قەیراندایە، لە بنەڕەتدا ئابوریی كوردستان شەكەت و ماندووە و حكومەت لە ساڵانی ڕابردوودا پەنای بردووەتەبەر دواخستنی مووچە، بەشی زۆری پرۆژەكان، هەموو ئەوانە وادەكات ئەگەر ڕێككەوتنێك نەبێت لە نێوان هەرێم و بەغداد و لە قورسایی ئەم كارە كەمنەكرێتەوە، ڕەنگە فشارە ئابورییەكان گەورەتر ببن”.
وتیشی، “دەبێت بڕیاری بوێرانە بدرێت لە كوردستاندا و چاكسازی بكرێت بۆ ئەوەی زۆرتر داهاتە ناوخۆییەكان بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها لە پێكهێنانی حكومەتیشدا هێزەكانی هەرێم بەیەكەوە تەكبیر و ڕا بكەن، تا مەسەلەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق ببەستنەوە بە كەمكردنەوەی فشارە ئابورییەكانی سەر هەرێم و خەڵكەكەی”.
هەر سەبارەت بە هەمان پرس، محەمەد حسێن وتی، “ئەگەر هەرێم ڕێگەبدات سۆمۆ نەوتەكەی بۆ بفرۆشێت، قازانجێكی زۆر دەكات، لانیكەم هەر لەیەكەم ڕۆژەوە داهاتە نەوتییەكانی هەرێم بەنزیكەی 22% زیاددەكات، كە ئەمەش بڕە پارەیەكی زۆر زۆرە. لە ڕاستیدا هەرێم قازانجی گەورەی ئابوری و بازرگانی هەیە لەوەی ڕێكبكەوێت لەگەڵ بەغداد، ئەگەر بەشێوەیەكی دۆستانە ئەم یاسایە جێبەجێبكەن، هەم لە قازانجی بەغداد و هەم لە قازانجی هەرێمیشە”.
هەمیشە جۆر و شێوازی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم كراون وەك یەكێك لە ئاستەنگەكانی پێشكەوتن و گۆڕانكاری لە كەرتی نەوتدا ئاماژەی پێدەدرێت.
بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ناوەندیش جارێكی دیكە ئەگەری بوونی ئەو گرێبەستانە وەك گرفتی ڕێككەوتن ناوی دەهێنرێت، توێژەرە ئابورییەكە پێیوایە، “ئاسان نییە پێداچوونەوە بەو هەموو گرێبەستانەدا بكرێت، بەڵام كۆمپانیاكانیش دەیانەوێت ئەم كێشانە چارەسەر ببێت و ڕێكبكەون لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا، چونكە بەهای پشكەكانیان زیاددەكات، واتە لێرەدا بەرژەوەندیی كۆمپانیاكان، هەرێم و بەغداش لەوەدایە ڕێكبكەون”.
ڕوونیشیكردەوە، “بێگومان ڕەنگە هەندێك لە پێداچوونەوەی گرێبەستەكان بەدڵی كۆمپانیاكان نەبێت، وەزارەتی نەوت لەوە تێدەگات و كۆمپانیاكانیش خۆیان حازركردووە بۆ مشتومڕی لەو جۆرە، بەڵام لە ئەنجامدا دەكرێت بگەنە چارەسەرێكی ناوەند، كە هەرسێ لا ڕازی بكات”.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی چەندین ساڵەی ڕابردوو، دەربارەی ئەوەی تاچەند گەشبینی هەیە هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسییەكان پەنا بۆ ڕێگاچارە دروست و پێكەوەییەكان بنێن، ئەبوبەكر كاروانی وتی، “بەداخەوە زۆر گەشبین نیم”.
هاوكات محەمەد حسێن وتی، “ئەوەی پێویستە هەرێم بیكات ئەوەیە بەپەلە بگاتە ئەو دۆخەی ئەو ڕێككەوتنە خێرابكات، چونكە وەك دەزانیت دۆخی سیاسیی بەغداد زۆر ناسەقامگیرە، ڕەنگە ساڵێكی دیكە بەجۆرێك بگۆڕێت ئاسان نەبێت”.
نمونەی ئەوەشی هێنایەوە، ڕێككەوتن لەگەڵ مستەفا كازمی ئاسانترە وەك ئەوەی لەگەڵ نوری مالیكی بێت، زەمان نییە لە ساڵی داهاتوودا نوری مالیكی یان حسێن شەهرستانی ناگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات لە بەغداد.