بایدن بازاڕی تمەنی گەرمکرد

دوای یەکلاییبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە بەرژەوەندی جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکانی ئەمریکا، کە شەوی ڕابردوو شەممە 7ی تشرینی یەکەم ئاشکرا کرا، نرخی تمەنی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بەهاکەی گەیشتە دوو ملیۆن و 200 هەزارر بەرامبەر 100 دۆلاری ئەمریکی.

لەو بارەیەوە خاوەنی یەکێک لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی ساری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بوو بە دوو ملیۆن و 135 هەزار تمەن، لەکاتێکدا پێشتر 100 دۆلار بەرامبەر سێ ملیۆن و 200 هەزار تمەن بوو”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا بازاڕی تمەنی ئێرانی جموجوڵێکی زۆری تێدایە بەجۆرێک ئاڵوگۆڕی تمەن بازاڕی ئاڵوگۆڕی دۆلاری تێپەڕاندووە و لە پێش دۆلارەوەیە، ژمارەیەک خەڵک بۆ پێداویستیی خۆیان دێن کڕین و فرۆشتنی تمەن دەکەن، ژمارەیەکی زۆریش ئەوانەن کە لەکاتی شکانی نرخی تمەندا بڕێکی زۆریان کڕیوە و ئێستا کە نرخەکەی بەرزبووەتەوە دەیفرۆشنەوە.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی تمەن ئەو خاوەن نوسینگەی بازاڕی دۆلارەکە وتی، “هۆکارەکەی تەنها ئەو پێشبینیانەیە کە وڵاتی ئێران بۆ سیاسەتی بایدن هەیەتی بەپێی پێشبینییەکانی ئێران بایدن سیاسەتی نەرمتر دەبێت لەگەڵ وڵاتەکەیان و سزاکانی سەر ئێران کەمتر دەکاتەوە و ئەگەری ڕێککەوتنیش هەیە، ئەمانە نرخی تمەنیان بەرزکردووەتەوە”.

باسی لەوەشکرد، ئەگەری هەیە جارێکی دیکە نرخی تمەن دابەزێتەوە چونکە ئەوەی کە تاوەکو ئێستا هەیە تەنها پێشبینی و بۆچوونە و ئەگەر بێتو بایدن درێژە بە سیاسەتەکانی ترەمپ و سزاکانی سەر ئێران بدات نرخەکان جارێکی دیکە دەشکێتەوە.

 


 

بابەتی پێشتر

ئابوریی جیهان چی بەسەردێت لە دوای ئەوەی جۆ بایدن دەبێت بە سەرۆک؟

بابەتی دواتر

بایدن گۆڕانکاری لە سیاسەتی وزەی ئەمریکادا دەکات بۆ وزەی سەوز

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share