کۆمەڵەی هەنگەوانان: هەنگوینی قاچاخ بەدەر لە خراپی کوالێتی ماددەی مەترسیداری تێدایە

سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان باس لە هاوردەکردنی هەنگوینی ساختە و کوالێتیی خراپ دەکات بۆ هەرێمی کوردستان کە ئەگەری بەکارهێنانی ماددەی مەترسیداریی هەیە لە دورستکردنیدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هەرزانییانەوە زیانیان بە بەرهەمی ناوخۆ گەیاندووە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا عەلی محەمەد سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی کوردستان زۆر باشە، لەگەڵ ئەوەی کوالێتیی باشە بەرهەمیشی زۆرە، بەڵام هەنگوینی قاچاخ زیانی زۆری بە هەنگەوانان گەیاندووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگوینەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی بەرهەمی شەکر و لیمەندۆزییە، بەڵام باس لەوەدەکرێت ماددەی مەترسیداریشی تێدەکرێت وەک پاککەرەوە و ماددەی تێزاب، کە مەبەست لێی ئەوەیە هەنگوینەکە نەیبەستێت.

سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانان وتی، هەنگوینی دەرەوە بە قاچاخ دەهێنرێت، لەبەر هەرزانیی نرخەکەی زیانی زۆری بە بەرهەمی ناوخۆ گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی کوردستان گرنگیی زۆر بە خواردنی هەنگوین نادەن بۆیە ساڵانە هەنگەوانەکان زیانیان بەردەکەوێت و بەرهەمەکانیان دەمێنێتەوە.

لە هەرێمی کوردستان ئەو هەنگوینەی بەرهەمدەهێنرێت بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەکات و زیادەشی هەیە، بەپێی وتەی عەلی محەمەد، بەڵام بەهۆی ئەوەی بازاڕ بۆ هەنگوینی کوردستان نەدۆزراوەتەوە لە دەرەوەی وڵات و ڕێکارەکانی هەناردەکردنی لەلایەن حکومەتەوە بۆ ناکرێت ئەو هەنگوینەی دمێنێتەوە ناتوانرێت لە دەرەوە بفرۆشرێت.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین زیاترە لە دوو ساڵی ڕابردوو، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 265 هەنگەوان لە کۆمەڵەکە تۆمارکراون.

بابەتی پێشتر

تاپۆكردنی زیادەڕەوییەكان باخ و ڤێلاكان دەگرێتەوە؟

بابەتی دواتر

بەنزینخانەیەک لە سلێمانی بەنزینەکەی تێکەڵ بە ئاوی ماڵان بووە و داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share