وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، حكومەت هەوڵدەدات 80 هەزار كۆچبەری عێراقی لە ئەڵمانیا و نەرویجەوە بگەڕێنێتەوە.
كەریم نوری بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق وتی، “زۆرێك لەو عێراقییانەی بەمدواییانە كۆچیان كردووە، گەیشتوون بە ئەڵمانیا و نەرویج و سوید و سویسرا، بەڵام بەشێكیان ڕەنگە مافی پەنابەرێتییان پێنەدرێت، كە تەنها لە ئەڵمانیا 50 هەزار كۆچبەر دەبن و لە نەرویج ژمارەیان 30 هەزار كۆچبەری عێراقییە”.
بەپێی وتەی ئەو، “هەموو عێراقییەك مافی ئەوەی هەیە بچێتە دەرەوەی وڵات و هەوڵ بۆ ژیان و داهاتوویەكی باشتر بدات، بەڵام هەندێك لە وڵاتان عێراقییەكان بەكاردەهێنن و دۆخەكەیان دەقۆزنەوە بەتایبەت بیلاڕوسیا، كە كۆچبەران وەك كارتێكی فشار لە بەرامبەر یەكێتیی ئەوروپادا بەكاردەهێنێت”.
ئاشكراشیكرد، داوایان لە وڵاتان كردووە ڕێگەنەدەن عێراقییەكان لەڕێگەی خاكەكانیانەوە كۆچ بۆ بیلاڕوسیا بكەن، “چونكە كۆچبەران لە دۆخێكی سەختدا دەژین و لەناو دارستان و بەر سەرمادان”.
بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت، “شاندی حكومەتی عێراق سەردانی ئەڵمانیای كردووە و هانی عێراقییەكانی داوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان، یەكێتیی ئەوروپاش بەبێ فشار هانی كۆچبەرانی عێراق دەدات ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئێستاش حكومەت لە هەوڵدایە بۆ گەڕاندنەوەی 80 هەزار كۆچبەر لە ئەڵمانیا و نەرویجەوە”.