‎گۆڕان: پێویستمان بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز هەیە

لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان

بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، “پێویستمان بە دروستبوونی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز هەیە لەنێوان هەرێم و ناوەند” و وتەیەكی نەوشیروان مستەفاش بەبیردەهێنێتەوە كە دەڵێت، “گەورەترین مەترسی لەسەر گرێبەستەكانی نەوت ئەوەیە لە ژووری داخراودا بێئاگاداری خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون”.

بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە بڕیارەكانی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، ‎”دوابەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستووریی لەقەڵەمدا، پێویستمان بە خۆڕێکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادییە؛ بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستبوونی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز”.

دەشڵێت، “بە پشت بەستن بە ماددە دەستوورییەکان؛ نەوت و گاز موڵکی گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا، هەروەک حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکان بەیەکەوە هەڵدەستن بە نەخشەکێشان بۆ ستراتیژی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و گاز بەشێوەک زۆرترین سوودی بۆ ھاوڵاتیان بێت”.
‎هەروەك جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ماددە دەستورییەکان دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، “بەشێوەیەک بنەماکانی سیستمی فیدڕاڵیزم و مافە یاسایی و دەستورییەکانی کورد پارێزراوبێت. جەخت لەسەر مافی خۆبەخاوەنزانینی سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان دەکەین”.

‎لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، لە وتارێکدا بە ناونیشانی کێشەی نەوت لەنێوان حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی ھەرێمدا، لە ساڵی (2007)دا دەنووسێت، “نابێ کورد بەھیچ جۆرێک و لەژێر ھیچ گوشارێکی ناوەکی و دەرەکیدا دەستھەڵگرێ لە مافەکانی خۆی، مافی خۆبەخاوەنزانینی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان لەوانە نەوت و غاز و ئاو، بەڵام گەورەترین مەترسی لەسەر ئەم گرێبەستانە ئەوەیە لە تاریکی دا و لە ژوری داخراودا بێ ئاگاداری خەڵکی کوردستان ئەنجامدراوە. بۆئەوەی حکومەتی ھەرێم لەم لایەنەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەند بەھێزبێ، ئەبێ پشتئەستور بێ بە پشتیوانی خەڵک، بۆئەوەی پشتیوانی خەڵک بەدەستبھێنێ ئەبێ لە ھەمو ھەنگاوەکانی لە رۆشنایی دا و بە ئاشکرا کاربکات”.

‎لە كۆتاییشدا دەڵێت، لە (15) ساڵی ڕابردوودا و دوای دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی ھەرێم، دروستنەکردنی کۆمپانیای نیشتیمانی و سندوقی داھاتە نەوتییەکان، گەندەڵی و بەھەدەردانی سامان، نەبوونی شەفافییەت و زانیاریی پێویست لەبارەی داهاتی نەوت؛ متمانەی هاوڵاتییانی بە دۆسیەی سامانە سروشتییەکان لاواز کردوە، هەر ئەم فاکتەرەش وایکردوە خەڵکی کوردستان بە گومانەوە لە سیاسەت و داھاتی نەوت بڕوانن.

بابەتی پێشتر

عێراق هەوڵدەدات 80 هەزار كۆچبەر لە ئەڵمانیا و نەرویجەوە بگەڕێنێتەوە

بابەتی دواتر

پیاوێك لە سلێمانی خۆی و هاوژینەكەی كوشت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share