دوو گەنجی باکووری کوردستان، كە به‌هۆی ڕووداوه‌كه‌ى هۆقه‌بازه‌وه سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوه، “له كاردانه‌وه‌ى پێشیلکردنی مافەکانیان لە زیندانی هەولێر” مانیان له خواردن گرتووه.
ڕۆژی17 تەمموزى 2020 لە ڕێستۆرانتێكی هەولێر بەناوی هۆقەباز، كارمەندێكی كونسوڵگەریی توركیا كوژرا، لەسەر ڕووداوەکە، هه‌ریه‌كه له (مەزڵوم دا‌غ) و (عەبدولڕەحمان ئەر) دەستگیركران و بڕیارى سزاى له‌سێداره‌دانیان بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز، لە دژی پێشێلکردنی مافەکانیان، هه‌ر دوو ده‌ستگیركراوه‌كه ماوه‌ى سێ ڕۆژه مانیان له خواردن گرتووه.
نەجمەدین ئەر، مامی عەبدولڕەحمان ئەر بە ئاژانسەكەی نزیك لە پەكەكەی وتووە، ئەو دوو گەنجە سزادراوە مافی ئاسایی زیندانییان پێ‌نادرێت و پێشێلکارییان لەبەرامبەر ئەنجام دەدرێت.
جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، هه‌ر دوو سزادراوه‌كه دژی پێشیلکردنی مافەکانیان، لە 13ى ئەم مانگەوە مانیان لە خواردن گرتووە، بۆیه داوای لە بەرپرسانی هەولێر کردووه “دەست لەو زوڵمە هەڵگرن، کە بەرامبەر ڕۆڵەکانی کورد ئەنجام دەدرێت”.