ناوەندی دیجیتاڵ میدیای عێراقی هۆشداری دەدات لە دزینی داتا و زانیارییەكانی عێراقییەكان تەنانەت دوای سڕینەوەشیان.
ناوەندەكە باس لە زانیارییە ئەلیكترۆنییەكانی دەزگا و دامەزراوەكانی میری دەكات و دەڵێت، چەندین كەس و لایەن دەتوانن داتا و زانیارییەكانی دامەزراوەكان بدزن و بەوەش زیان بە هاوڵاتییان و دامەزراوەكان بگەیەنن.
ڕوونیكردووەتەوە، ئامێرەكانی كۆمپیوتەر لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا زانیاریی گرنگ و هەستیار لەخۆدەگرن، زۆرجار بەهۆی نوێكردنەوەوە، زانیارییەكان دەسڕدرێنەوە و زانیاریی نوێ شوێنیان دەگرێتەوە، بەڵام كەسانێك هەن دەتوانن ئەو زانیارییانە بگەڕێننەوە و دەستیان بەسەردا بگرن.
بەپێی ناوەندەكە، ئەو كەس یاخود لایەنانە دەتوانن زانیارییە لەناوبراوەكان لەسەر یادگە و سی دی و دی ڤی دی بهێننەوە و لەبەرژەوەندیی خۆیان بەكاریانبهێنن.
دەشڵێت، پاراستنی زانیارییەكان لە سێرڤەردا كە لە دەرەوەی وڵاتن، هەڵەیەكی دیكەیە و كەسانێك دەتوانن زانیارییەكان ببەن و بەمەبەستی بەكارهێنانیان لە ساختەكاریدا سوودیان لێوەربگرن.