هاوشێوەی ماكرۆن.. ڕاوێژكاری ئەڵمانیاش پشكنینی كۆرۆنای ڕوسیی ڕەتكردەوە

ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا

ڕاوێژكاری ئەڵمانیا پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای لەلایەن پزیشكێك لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ڕوسیا ئەنجامدا، ڕەتیكردەوە لەلایەن پزیشكانی ڕوسییەوە ئەو پشكنینەی بۆ بكرێت، هاوشێوەی ئەوەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ئەنجامیدا.

ڕۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی بڵاویكردەوە، ڕێگە بە لایەنی ڕوسی دراوە چاودێرێك بۆ كۆمپانیای ئێرباس-ی سەر بە حكومەتی ئەڵمانیا بنێرێت، كە كۆنتڕۆڵی پشكنینی (PCR )ەكە دەكات.

لە هەمان كاتدا ڕۆژنامەكە دووپاتیكردەوە، ڕەتكردنەوەی پشكنینەكە لەلایەن بەرپرسانی ئەڵمانییەوە پەیوەندی نییە بە مەترسییەكان دەربارەی ئەوەی ترشی ناوەكیی ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بكەوێتە بەردەستی ڕوسیا، پێچەوانەی ئەوەی سەبارەت بە ڕەتكردنەوەی پشكنینەكە لەلایەن ماكرۆن-ەوە بڵاوكرایەوە كە هەفتەی ڕابردوو سەردانی مۆسكۆی كرد.

ڕۆژی هەینی كرملین ڕایگەیاند، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا بە دوورییەكی زۆر لە ڤلادیمێر پوتین ماوەتەوە لەمیانەی وتووێژەكانی هەفتەی ڕابردوویاندا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ماكرۆن ڕەتیكردووەتەوە پشكنینی كۆڤید-19 لە ڕوسیا ئەنجامبدات، بەر لە كۆبوونەوەكانیان.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی یاوەری سەرۆكی فەرەنساوە ڕایگەیاند، ڕەتكردنەوەكە بۆ ڕێگری لە ڕوسەكان بووە تا دەستیان بەر ترشی ناوەكیی سەرۆكی فەرەنسا نەكەوێت.

ئەو ڕەتكردنەوەیە بووەهۆی دیاریكردنی مەودایەكی درێژ لەنێوان سەرۆكی میوان و سەركردەكەی ڕوسیا لەمیانەی وتووێژە درێژەكانیان لە ڕوسیا دەربارەی قەیرانی ئۆكرانیا.

ئەمڕۆ شۆڵز گەیشتە مۆسكۆ بۆ تاوتوێكردنی دەرچەیەكی دیپلۆماسی كە ڕێگربێت لە جەنگی ئۆكرانیا، لەكاتێكدا وڵاتانی خۆرئاوا باس لە ئەگەری داگیركردنی دەكەن لەلایەن ڕوسیاوە.

بابەتی پێشتر

تویت لە حەنانەوە

بابەتی دواتر

هۆشداری دەدرێت لە دزینی داتای عێراقییەكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share