بەریتانیا ئاسەوارێكی تەمەن 4 هەزار ساڵ بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە

ئاسەوارەكانی عێراق لەپاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام ڕووبەڕووی تاڵانكردن بوونەوە

مۆزەخانەی بەریتانیا پارچە ئاسەوارێكی سۆمەری كە تەمەنی بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی دوو مانگ نمایشدەكات، بەر لە گەڕاندنەوەی بۆ عێراق، بەپێی ڕۆژنامەی گاردیان.

پارچە ئاسەوارەكە كە پێشتر بەشێوەی نایاسایی لە عێراق دزراوە، لەڕێی زیادكردنێكی ئەلیكترۆنییەوە لە بەریتانیا بۆ فرۆشتن دانرابوو، بەر لەوەی لەلایەن پۆلیسی لەندەنەوە دەستی بەسەردابگیرێت، لەسەر بنەمای پێڕاگەیاندنێكی مۆزەخانەكە لە ساڵی 2019 كە ئاشكرایكردبوو تابلۆكە دزراوە.

مۆزەخانەی بەریتانیا دەستەیەكی ڕاوێژكارییە بۆ ئاگاداركردنەوە دەربارەی بازرگانی نایاسایی بە كەلوپەلە ئاسەوارییەكانەوە، مۆزەخانەكە لەو بارەیەوە كار لەگەڵ حكومەتە جۆراوجۆرەكان دەكات.

سانت جۆن سیمبسۆن، گەورە ئەمینداری مۆزەخانەی بەریتانیا ڕایگەیاند، بۆ یەكەمجارە شتێكی لەو جۆرە ببینین. پارچە ئاسەوارەكە نەخراوەتەڕوو و لە هیچ عەمبارێكی مۆزەخانەكانیشدا دانەنراوە.

سیمبسۆن، وتیشی، “تابلۆ ئاسەوارییەكە لە خانەی زۆر دەگمەنەكاندایە، دەتوانین زۆر دڵنیابین كە تابلۆكە لە نێوەندی شارستانیی سۆمەرییەوە هاتووە” دوپاتیشیكردەوە ناوچەكە ڕووبەڕووی تاڵانكردن بووەتەوە لەنێوان نەوەدەكان و 2003دا.

لای خۆیەوە محەمەد جەعفەر سەدر، باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا لە بەیاننامەیەكدا سوپاسی مۆزەخانەی بەریتانیای كرد لە هەوڵ و هەماهەنگییەكانی لەگەڵیاندا.

مۆزەخانەی بەریتانیا لە ساڵی 2017 ڕایگەیاند، كە كاردەكات لەسەر سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی ژمارەیەك پارچە ئاسەوار بۆ بەغداد، پاش ئەوەی دڵنیابووەتەوە لە دزینیان لە ساڵی 2003دا.

مۆزەخانەكە لە كانونی دووەمی ڕابردوو هەڵكۆڵدراوێكی سەدەی دووەمی گەڕاندەوە كە لە مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەفغانستان لە نەوەدەكاندا دزرابوو.

بابەتی پێشتر

خێزانێك خانووەكەیان بۆ گەشتێكی یەكساڵی دەریایی دەفرۆشن

بابەتی دواتر

بەختیار عەلی لەبارەی بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share