ئێوارەی ئەمڕۆ گەنجێك لە گەرمیان كوژرا، پۆلیسی ناوچەكە لە زاری كەسوكارەكەیەوە هۆكارەكەی بۆ كێشەی كۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە.
موقەدەم عەلی جەمال قدوری، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی شۆڕشی قەزای کەلارەوە تەرمی هاوڵاتیەک بەناوی (خ.ف.ع.) لەدایکبووی ساڵی 1985 گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی تاپڕەوە گیانیلەدەستدابوو.
لە زاری كەسوكارەكەشیەوە دەڵێت، “کێشەی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ دوو هاوڵاتی هەبووە و ئێوارەی ئەمڕۆ لە پێش دەرگای ماڵی خۆیان بەچەکی تاپڕ تەقەیان لێكردووە”.
موقەدەم عەلی ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر سکاڵای کەسوکاری قوربانییەكە، دادوەر بەپێی ماددەی 406 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو تۆمەتبار دەرکردووە.