ئەردۆغان داوای قەرەبوو بەبڕی 250 هەزار لیرە لە ڕۆژنامەنووسێك دەكات

حكومەتی توركیا فشارەكانی سەر كاباش-ی زیاتر كردووە

سەرۆكی توركیا داوایەكی یاسایی بۆ قەرەبووكردنەوە بە بڕی 250 هەزار لیرەی توركی دژ بە سەدەف كاباش-ی ڕۆژنامەنووس تۆماركردووە، كە بەر لە چەند هەفتەیەك بە تۆمەتی “سوكایەتیكردن بە سەرۆك كۆمار” دەستگیركرا.

لە داوایەكدا كە لەلایەن ئەحمەد ئۆزێل پارێزەری سەرۆكی توركیاوە پێشكەش بە دادگای شارستانیی ئیستانبوڵ كراوە هاتووە، سەدەف كاباش بەو لێدوانانەی كە لە بەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا داویەتی “سووكایەتی بە شكۆ و شەرەفی سەرۆك ئەردۆغان كردووە، بەمەبەستی پەلاماردانی مافە كەسییەكانی”.

دەشڵێت، “سووكایەتییەكەی كاباش بە سەرۆك ئەردۆغان بووەتەهۆی ڕووداوگەلێك كە مایەی تێكدانی ئاشتەوایی گشتین و هاندەری كۆمەڵگایە بۆ ڕقلێبوونەوە”.

داواكە فورات سەقەر، سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕیی كەناڵی (tele 1)ی گرتووەتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵو-ی نیمچە فەرمی بڵاویكردووەتەوە، لە داوا یاساییەكەدا داوای قەرەبووی مەعنەوی بە بڕی 250 هەزار لە كاباش و سەقەر كراوە.

كاباش كە لە 22ی كانوونی دووەمی ڕابردوودا دەستگیركراوە، وتەكانی لە چاوپێكەوتنە تەلەڤیزیۆنییەكەی كەناڵی (tele 1) بە “سووكایەتی بە ئەردۆغان” لێكدرانەوە كاتێك وتی، “پەندێكی زۆر باو هەیە دەڵێت، ئەو سەرەی تاجی لەسەردەنرێت، داناتر دەبێت، بەڵام پێمانوایە ئەوە دروستنییە. گا بە چوونەناو كۆشك نابێتە پاشا، بەڵكو كۆشك دەبێتە گەوڕ”.

ڕۆژنامەنووسەكە بە یەكێك لە میدیاكارە ناسراوەكان لە توركیا دادەنرێت، چەند ساڵێكیشە بە ڕەخنە توندەكانی بۆسەر حكومەتی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار دەناسرێت.

سەرەڕای ئەو كاردانەوە میدیاییەی دوای دەستگیركردنی هاتە ئاراوە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حكومەتی توركیا فشارەكانی سەری زیاتر كرد.

هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان بەڵێنی ئەوەی دا كە “لە سزا دەربازی نابێت”.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا چاودێرییەکانی لەسەر میدیاکان زیاترکردووە، نزیکەی 90%ی میدیاکانی تورکیا لەلایەن دەوڵەتەوە خاوەنداری دەکرێن.

ڕێکخراوە ناحکومییەکانی تورکیا سەركۆنەی بەردەوامیی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ئازادیی ڕۆژنامەوانی دەکەن، بەتایبەت دوای کودەتاکەی ساڵی 2016، بەهۆیەوە دەیان ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش داخراون.

بەپێی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، تورکیا لە پلەی 153یەمین وڵاتدایە لە کۆی 180 وڵات بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانی.

بابەتی پێشتر

عێراق 1.2 ملیار دۆلاری داوە بە بەنزین بۆ شۆفێران

بابەتی دواتر

ئەمریكا: ئەگەر ڕێككەوتنی ئەتۆمی بێئەنجامبێت ناچارین هێرشبكەینەسەر ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بۆ پەرەپێدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی محەمەد بن سەلمان داوای هاوکاری لە جۆ بایدن دەکات

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێی مەرجەکانی بەستنی پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش لەگەڵ سعودیە دەکات هاوشێوەی ئەو…
Total
0
Share