دانیشتنی نوێنەران هەڵگیرا بۆ سبەینێ

دوای ئەوەی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران نەبوون، دانیشتنەكە كرا بە ڕاوێژكاری، بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دواخرا و دانیشتنەكە هەڵگیرا بۆ سبەینێ.

بەپێی ماوە دەستوورییەكان، پێویست بوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆكی نوێی كۆماری عێراق هەڵبژێرێت، بەڵام ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران نەچوونە هۆڵی پەرلەمانەوە، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە چەند جارێك زەنگی چوونەژوورەوەی لێدا، بەڵام بێسوود بوو.

ناچار سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا دانیشتنەكەی ئەمڕۆ بكاتە ڕاوێژكاری و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوابخات.

پێشبینیكراو بوو دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەرنەگرێت، بەتایبەت دوای دوو هەڵوێست لە موقتەدا سەدر و بڕیارێك لە دادگای فیدراڵییەوە، كە پرسەكەی ئاڵۆزتر كرد.

سەدر دوو ڕۆژ لەمەوبەر بڕیاریدا تەواوی گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ڕاگرت، بڕیاریشیدا فراكسیۆنەكەی بەشداریی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نەكات، هەنگاوێك، كە سەرەڕای ڕەهەندە جیاوازەكانی، بەڵام بۆ هاوپەیمانەكانی، كە پارتی و سوننەكانن، بەتایبەتیش بۆ پارتی، قورس كەوتەوە، بەو پێیەی ئەگەر بە ڕەتكردنەوەی كاندیدەكەشیان نەهاتبێت، بایكۆتكردنی دانیشتنەكە بەنزیكەیی خودی دانیشتنەكەی پەكخست.

دوێنێش دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە ڕاگرتنی ڕێكارەكانی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ سەرۆك كۆمار، تا یەكلابوونەوەی دۆسیە و سكاڵاكانی سەری تایبەت بە گەندەڵی و بەهەدەردان.

بابەتی پێشتر

پینگ شوای وازهێنانی ڕاگەیاند و دەڵێت: دەستدرێژی نەکراوەتە سەرم

بابەتی دواتر

ڕووداوێکی سەیر لە یاریی نێوان ڕوسیا و کەنەدا لە ئۆڵیمپیادی پەکین ڕوویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share