پینگ شوای وازهێنانی ڕاگەیاند و دەڵێت: دەستدرێژی نەکراوەتە سەرم

یاریزانی تێنسی سەرزەویی چینی، پینگ شوای وازهێنانی یەکجارەکی ڕاگەیاند و بۆ میدیایەکی فەرەنسی دووپاتکردەوە، هیچ بەرپرسێکی حکومەتی چین دەستدرێژیی نەکردووەتە سەری.

دوای بڵاوبوونەوی هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەری لەلایەن بەرپرسێکی حکومەتی چینەوە، پینگ شوای لەگەڵ دەستپێکی خولی زستانەی ئۆڵیمپیاد لە پەکینی پایتەختی چین، بۆ یەکەمجار بۆ میدیایەکی ئەوروپی قسەیکرد.

یاریزانەکە بە ڕۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی ڕاگەیاندووە، “هەرگیز لەوباوەڕەدا نەبووم هێندە دڵەڕاوکێ لەبارەی منەوە دروست ببێت، من هەرگیز نەموتووە بەرپرسێکی حکومی دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەرم، بەڵکو بەهەڵە تێگەیشتن لەسەر ئاستی دەرەوەی چین ڕوویدا، نامەوێت چیتر لەبارەی ئەو بابەتەوە بدوێن و شتەکان لەلایەن میدیاوە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ بکرێت، وننەبووم و هەمووان دەتوانن بمبینن، چەندین کەس و هاوڕێ و دۆست پەیوەندییان پێوەکردووم و نامەیان بۆ ناردووم، منیش وەڵامی هەموو نامەکانم داوەتەوە و بەردەوام لەگەڵیشیان لەپەیوەندیدا بووم، هەروەها لەگەڵ یەکێتی تێنسی سەرزەوی و ڕایەڵەی یاریزانە پیشوەرەکانیشدا قسەمکردووە”.

ماوەیەک لەمەوبەر، شوای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پۆستێکی کرد، تیایدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی چین، چانگ جی ئولی-یەوە دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتەسەر، پاشان لەبەرچاو ونبوو، چەند مانگێک یەکێتیی تێنسی سەرزەوی نەیتوانی پەیوەندی بە یاریزانەکەوە بکات.

دوای ماوەیەک لەبەردەم میدیاکاندا دەرکەوتەوە و دووپاتیکردەوە، پۆستەکە هەڵەبووە و ئەوەی باسدەکرێت ڕووینەداوە.

بابەتی پێشتر

پەیامێكی توندی جەنەراڵێكی ڕوسیا بۆ پوتین: نەكەی ئۆكرانیا داگیربكەیت

بابەتی دواتر

دانیشتنی نوێنەران هەڵگیرا بۆ سبەینێ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share