ڕۆژنامەی (زە سەن) لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرایدەكات، بەریتانیا بۆ یەكلاكردنەوەی سكاڵای “تاوانی جەنگی نەسەلمێنراو” كە سەربازەكانی لە عێراقدا ئەنجامیانداوە بڕی 26 ملیۆن دۆلاری خەرجكردووە.
بەپێی ڕۆژنامەكە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری بڕی 20 ملیۆن جونەی ئیستەرلینی (26 ملیۆن دۆلار)یان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو سكاڵایانە داوە كە ژمارەیان زیاتر بووە لە 1000 سكاڵا.
یەكلاكردنەوە و كۆتایی هێنان بە سكاڵاكان بەبێ دادگا بووە بەهۆی كەمی بەڵگەوە، تەنانەت دوور لە فەرمانگە دادوەرییەكان، لەڕێی پشتبەستن بە پارێزەرانی بەریتانی ئەنجامدراوە.
ڕۆژنامەكە ڕوونیشیكردوەتەوە، لە یەكێك لەو حاڵەتانەدا بڕی 187 هەزار دۆلار دراوە بۆ كۆتایی هێنان بە سكاڵایەكی بانگەشەی كوشتن، ئەمەش بۆ “دەربازكردنی سەربازانی تێوەگلاو لە لێكۆڵینەوەی دادوەری”.
رائید رۆبەرت كامبل، كە یەكێك بووە لەو سێ سەربازەی تۆمەتباربوون بە كردەیەكی كوشتن لە بەسڕە لە ساڵی 2003دا وتی، “لەجیاتی پاراستنی سەربازان، وەزارەتی بەرگری پارێزگاری لەخۆی كرد”.
كامبل ئەوەشی وت، كارەكەی وەزارەت لە پارەدان بۆ یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان، هاوشێوەی داننانە بە تاوانەكەدا.
لێكۆڵینەوەیەك كە مانگی ڕابردوو كۆتاییان هات باس لەوەدەكات كە تۆمەتەكانی دژ بە كامبل پشتی بە “درۆ و تێوەگلان و ڕەنگیشە پلانگێڕی” بەستبێت.
بەپێی ڕۆژنامەكە بەریتانیا ئەو پارەیەی بۆ یەكلاكردنەوەی 330 سكاڵا خەرجكردووە، 414 سكاڵای دیكەش هەن بڕیارە ئەوانیش یەكلابكرێنەوە، 217 سكاڵای دیكەش كشێنراونەتەوە و ڕەتكراونەتەوە، لەكاتێكدا ئەو بڕە پارەیە “بەسە بۆ پێدانی مووچەی هەزار سەرباز بۆ ماوەی یەك ساڵ” وەك ئەوەی زە سەن ئاماژەی پێداوە.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەكەشدا وەزارەتی بەرگری ڕایگەیاندووە كە “زۆرینەی پارە خەرجكراوەكان بۆ یەكلاكردنەوە بووە لە دەرەوەی دادگا”.
لەسەر زاری وتەبێژ بەناوی وەزارەتەكەشەوە وتی، “زۆرینەی سەربازان بەپێی بەرزترین پێوەرە پیشەییەكان لە عێراقدا هەڵسوكەوتیان كردووە”.