پزیشكێكی ڕوسی هۆشداریدەدات لە ژیانكردن لە باڵەخانە هەوربڕەكان و كارگەرییەكەی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ.
سێرجی كۆمیاكۆڤ، گەورەی پزیشكان لە (Invitro-Moscow) دەڵێت، مانەوەی درێژ لە باڵەخانە بەرز و هەوربڕەكان دەشێت كاریگەریی نەرێنیی هەبێت لەسەر سیستمی دڵ و خوێنەدەمارەكان و كاركردنی ئەندامەكانی ناوەوە، بەڵكو كاریگەریی لەسەر تێكچوونی مێشكیش دەبێت.
ئەو پزیشكە ئاماژەی بەوەكردووە، مانەوە لە هەوربڕەكان بۆ چەند ڕۆژێك یان چەند مانگێك مەترسیدار نییە، بەڵام مانەوەی هەمیشەیی دەشێت كێشەی تەندروستی دروستبكات، لەوانەش تێكچوونی فەرمانەكانی مێشك.
كۆمیاكۆڤ ڕوونیكردووەتەوە، “بەگشتی پەنجەرەی هەوربڕەكان ناكرێنەوە، شوێنەكە هەوای تەنها لەڕێی سیستمی هەواگۆڕكێوە پێدەگات، ئەمەش هاندەرە بۆ خێرا بڵاوبوونەوەی پەتا”.
دەشڵێت، بەكارهێنانی ئەسانسۆری زۆر خێرا لەم باڵەخانانەدا دەبێتە هۆی داخستنی گوێیەكان، ئەمەش پەیوەندیی بە دابەزینی زۆری فشاری هەواوە هەیە.
تایبەتمەندییەكی دیكەی هەوربڕەكان، بەپێی كۆمیاكۆڤ، لەرەلەرە سەروو دەنگە شەپۆل كورتەكانە، كە دەشێت كاریگەریی نەرێنیی لەسەر كاری كۆئەندامی دەمار و دڵ و خوێنە دەمارەكان و ئەندامانی ناوەوە هەبێت.
ئەو پزیشكە نیشانەكانیشی بە دڵتێكەڵهاتن، سەرگێژخواردن، ترس و ئازار لە سك و دڵدا دیاریكردووە.