جوتیارێكی كورد لە گوندێكی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان دوای ئەوەی بەهۆی جوتكردنی زەوییەوە لەلایەن هێزێكی سوپای عێراق تووشی لێدان و زیندانیكردن بووەوە، ئەمڕۆ لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا گیانیلەدەستدا.
ڕووداوەكە بەسەر (ئازاد عارف) جوتیار لە گوندی شناغەی سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگاری كەركوك هاتووە.
تەڵعەت محەمەد، کەسوکاری ئەو جوتیارە و دانیشتوی گوندەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دوێنێ لەكاتی جوتكردنی زەویدا، هێزێكی سوپای عێراق چوونەتە سەری و دوای لێدان و سوكایەتیپێكردن، زیندانییان كردووە.
وتیشی، “ئەمڕۆ دوای ئازادكردنی بە كەفالەت، بە كەسە نزیكەكانی وتووە كە چیتر لە گوندەكەیان نامێنێتەوە و جێیدەهێڵێت”.
بەڵام ئەمڕۆ لە ڕێگای نزیك لە گوندەكەیان بە تراكتۆرەكەیەوە وەرگەڕا و بەهۆیەوە گیانیلەدەستدا.
پەیامنێرمان لە كەركوك پێی ڕاگەیاندین، ماوەی چەند مانگێكە بە بیانووی بوونی كێشە لە زەوییەكانی گوندی شناغە لەگەڵ عەرەبە هاوردەكان، هێزەكانی سوپای عێراق جوتكردن و بەكارهێنانی زەوییەكانیان لە جوتیارانی كورد قەدەغەكردووە.