د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق جەختیكردەوە كە ڕێگە بە هیچ فشارێك نادات بێڕێزی بە پۆستی سەرۆك كۆمار بكات، بەردەوامبوونی لە كاندیدبوون بۆ پۆستەكە دووپاتكردەوە.
د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق وتارێكی ڤیدیۆیی پێشكەشكرد و ڕوو لە گەلی عێراق ڕایگەیاند، “وەكو كاندیدێكی سەرۆك كۆمار بە ویژدانێكی ئاسوودەوە قسەدەكەم كە ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا كردوومە، لەپێناو ئەو هەوڵەدا بووە كە هەموومان دەمانەوێت عێراق بەرەو كەناری ئارامی ببەین و پێگەی بەهێزبكەین”.
سەرۆك كۆمار پەیامێكی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاران نارد و وتی، “گەل ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی دەسەڵاتێك هەبێت بەپێی ویستی عێراقییەكان بێت دوور لە دەستوەردان و سەروەربێت”.
جەختیكردەوە كە “گەنجان و هاوڵاتییان چاوەڕوانی ئەوەن ژیانێكی شایستەیان هەبێت و سەربەرز بژین و ئەوەش بەرپرسیارێتیی خستووەتەسەر شانمان و دەبێت پەرلەمان وەڵامدەرەوەی خواست و ویستی گەل بێت”.
وتیشی، “سوپا و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی شانە نووستووەكانی تیرۆر و دەبێت پێكهێنانی حكومەت لەوە زیاتر دوانەخرێت و حكومەتێك پێكبهێنرێت كە خزمەتی گەل بكات”.
د. بەرهەم ساڵح جەختیكردەوە كە “دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا دەستوور هەمواربكرێتەوە بەجۆرێك وەڵامدەرەوەی داخوازییەكانی جەماوەر بێت، ڕەشنووسێكیشمان پێشكەشكردووە سەبارەت بەو بڕگانەی دەستوور كە پێویستییان بە هەمواركردنەوەیە”.
لە درێژەی وتارەكەیدا سەرۆك كۆمار وتی، “دەبێت پەتای گەندەڵیكردن بە پارە و ویستی عێراقییەكانەوە بنەبڕبكەین و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەیەكمان پێشكەشكردووە بۆ چۆنێتیی ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی، پڕۆژەیەكی ترمان خستووەتەڕوو بۆ بووژادنەوەی وڵات و دەرامەتەكانی”.
ڕاشیگەیاند، “سەرۆك كۆمار دەبێت پارێزەری دەستوور بێت و سەرۆكی هەموو عێراقییەكان بێت، خۆی سەرۆك بێت نەك سەرۆكی هەبێت، بۆیە من پابەندم بە پشتیوانیكردنی كەسانی نیشتمانپەروەر و كاری خۆم ڕادەپەڕێنم و ڕێگە بە هیچ فشارێك نادەم كە بێڕێزی بە پۆستی سەرۆك كۆمار بكات”.
لە كۆتایی وتارەكەیدا بەرهەم ساڵح وتی، “من لە چیاكانی كوردستانەوە هاتووم، ئێستا لە سەماوە و كەربەلا و نەجەف و واست و ئەنبار و عەمارە و هەڵەبجە و شارەكانی ترەوە چاوەڕوانن خزمەتبكرێن. ئێوە منتان ناسیوە كە ڕاستگۆ بووم لەگەڵ خۆم و عێراقییەكان و بە ڕێڕەوێكی دادپەوەرانە كاردەكەین”.
دەقی پەیامەكەی د. بەرهەم ساڵح:
بسم الله الرحمن الرحيم
وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ
صدق الله العظيم
ھاووڵاتیانی ئازیز..
خوشك و برایانی به‌رێز؛ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران..
له‌م ساته هه‌ستیاره مێژووییه‌دا کە وڵاتەکەمان بەناو دووانەی دەرفەت و دژواریدا تێده‌په‌ڕێت، كاندیدبوونی خۆمتان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێڕاده‌گه‌یه‌نم، بە روونیش لەوە تێدەگەم كه لە ئه‌ستۆگرتنی ئه‌م ئه‌ركه، شه‌ره‌فێكی مه‌زن و به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه.
ویژدانم ئاسودەیه كه له‌ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له ساڵانی رابردوودا له‌سه‌ر شانم بوون، هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندی گەلەکەمم له‌به‌رچاو گرتووه، ئه‌و ئه‌ركانه‌ی هه‌موو ھاونیشتیما‌نیان به عه‌ره‌ب و كورد و توركمان و مه‌سیحی و شه‌به‌ك و ئێزدی و سائیبی كار بۆ سه‌رخستنی ده‌كه‌ن… ھەردەم ئامانجمان هێنانه‌كایه‌ی دادپه‌روه‌ری بووه بۆ هه‌موو رۆڵەکانی گەل، لە سۆنگەی وڵاتێکی به‌هێزی خاوه‌ن توانا، وڵاتێک؛ كه رێز له ھاونیشتیمانییە‌كانی بگرێت و بتوانێت به‌رجه‌سته‌ی پێگه و رۆڵه مێژووییه شیاوه‌كه‌ی جارانی له جیهان و ناوچه‌كه‌دا بكاتەوە، به دڵنیایشه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م رێچكه‌یه به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌رگیزا و هه‌رگیز لێی لاناده‌ین.
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان…
ئێوە ھەڵبژاردەی گەلن لەپڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی پێشوه‌ختەدا، ئه‌م ئه‌ركه‌شمان وه‌ك وەڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی شه‌قام و گه‌نج و لاوه‌كانمان ئه‌نجامدا، كه هه‌ستیان به بوونی سته‌مكاری دەکرد و بنیاتنانی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروستیان بە پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی دەزانی، حوکمڕانیەک؛ كه له ئیراده‌ی گەلەوه سه‌رچاوه بگرێت و هیچ کۆتوبەند و راسپارده و ده‌ستتێوه‌ردانێكی ئه‌م و ئه‌وی تێدا نه‌بێت و گه‌ل خۆی سه‌روەر و خۆی بێت.
بەدڵنیاییەوە گه‌نج و لاوه‌كانمان له به‌سڕه و ناسڕییه و نه‌جه‌ف و بەغدا و سلێمانی و هه‌ولێر و موسڵ و ئەنبار و کەرکوک و دیوانیە و دھۆک و دیالە و شه‌نگال، خاوه‌ن یه‌ك هیوا و ئاوات و خولیای هاوبه‌شن، كه ئەویش ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ی ئازاده. کەواتە لەم ھەلومەرجە دژوارەدا کە نیشتیمانەکەمانی پیادا تێدەپەڕێت و گەلەکە‌مان لەسەرانسەری وڵات چاوەڕوانی بەدیھاتنی داخوازیەکانیەتی، لەم پێناوەدا بەرپرسیارێتیەکی مێژویی و کاری لێبڕاوانەمان لەسەر شانە… ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش واچاوەڕوانی لێدەکرێت، کە پەرلەمانێکی ئازاد و نمونەیی و راستەقینە بێت، پەرلەمانێک دەربڕی ئیرادەی گەل و بەدیھێنەری داخوازی و چاوەڕوانییە رەواکانی رۆڵەکانی نیشتمان بێت.
له‌م ساته‌وه‌خته سەختانەدا کەهێزه چه‌كداره قاره‌مانه‌كانمان له سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه نه‌به‌ردانه به‌رده‌وامن له جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و ھەڵمەتەکانی ریشه‌كێشكردنی شانه نوستووەکانی تیرۆرستان، كه ده‌یانه‌وێت ئه‌من و ئاسایشی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، لەیەک کاتدا لەبەردەم كۆمه‌ڵێك بەربەست و بەدەستھێنانی دەسکەوت و چاوەڕوانی شایستەی جۆراوجۆرداین، كه ناكرێت نادیده‌یان بگرین و ناشبێت دوایان بخه‌ین، لەم رووەوە پێویسته كه‌موكوڕیییه بنچینەییه‌كانی كۆی سیسته‌می حوكمڕانی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بە ئاراستەی بەدیھێنانی گریبه‌ستێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ، كه پایه‌كانی حوكمڕانییه‌كی باش پته‌وتر بكات، بۆئەوەی ده‌وڵه‌تێك بنیات بنێین، کە خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واوی خۆی بێت و بتوانێت مافی سەرجەم هاووڵاتییانی بپارێزێت و سه‌روره‌ی یاسا بسه‌پێنێت و کۆنتڕۆڵی چه‌ك تەنھا له‌ده‌ستی خۆیدا بێت.
پێویسته قۆناغی ئاینده قۆناغی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌نده ده‌ستوورییانه بێت كه به ئه‌زموونی كار ده‌ركه‌وتووه هۆكاری ته‌نگژه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی وڵاتن، وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنێكیش بۆ داواكارییه‌كانی شه‌قام و رێزگرتن له كۆده‌نگی نیشتمانی، سه‌رۆكایه‌تی كۆمار لیژنه‌یه‌كی له شاره‌زایانی ده‌ستووری له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان پێكهێنا، دواتریش نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی سه‌راپاگیرمان سه‌باره‌ت به‌و هه‌مواركردنه‌وه ده‌ستوورییانه ئاماده‌كرد، كه بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی نیشتمانی به‌نده و کاریش دەکەین بۆ تێپەڕاندن و سەرخستنی.
لێرەدا بێگومان گه‌نده‌ڵیش بەڵایە‌كی دیكه‌ی مه‌ترسیداره، كه پێویسته یه‌كده‌ست و یه‌كده‌نگ به‌ره‌نگاری ببینه‌وه، ئه‌م ئافاته مه‌ترسیداره، به به‌رده‌وامی خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، هه‌ر به‌و سامان و پاره‌ی به‌تاڵان بردوویه‌تی، ده‌یه‌وێت ئیراده‌ی گەلەکە‌مان بشكێنێت و لاوازی بكات، بۆیه ده‌بێت بێ دوودڵی به ویستێكی پۆڵاینه‌وه رووبه‌ڕووی ببینه‌وه. لەڕاستیدا جه‌نگ لەدژی گەندەڵی، جه‌نگێكی نیشتمانییه و بێ سه‌ركه‌وتنیش تیایدا دۆخی وڵات پێشکەوتن و پەرەسەندن بەخۆیەوە نابینێت، پێویسته له‌و شەڕەدا سه‌رچاوه‌كانی گه‌نده‌ڵی وشك و بنەبڕ بكه‌ین و پاره به‌تاڵانبراوه‌كانیش بگێڕینه‌وه. له‌و پێناوه‌شدا پڕۆژه‌یاسای ”گێڕانه‌وه‌ی پاره به‌تاڵانبراوه‌كانی گه‌نده‌ڵی و داهاته‌كانی” مان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه كه رێوشوێنی هه‌نووكه‌یی و كرداری تووندوتۆڵی له‌خۆگرتووه، له ئاینده‌شدا رێوشوێنی دیكه‌ی به‌دوادا دێن، كه له‌توانایان دایه پاره به‌تاڵانبراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بگێڕنه‌وه خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، به پاڵپشتی ئه‌م په‌رله‌مانه به‌ڕێزه‌ش ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه په‌سه‌ند ده‌كه‌ین و میكانیزمه‌كانی ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ.
ئه‌و جه‌نگه‌ی دژ به گه‌نده‌ڵی ده‌ستمان داوه‌تێ، هاوكاته له‌گه‌ڵ پێویستی خۆده‌ربازكردنی وڵاته‌كه‌مان له سیسته‌می ئابووری به‌رخۆر و پاراستنی دیجله و فوڕات و ده‌رامه‌ته سروشتییه‌كان و ژینگه‌كه‌شمان، له‌م پێناوه‌شدا “پڕۆژه‌یاسای بوژاندنه‌وه‌ی وادی ڕافیده‌ین” مان پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه و پلانمانه بیكه‌ینه ستراتیژێكی نیشتمانی، به‌ئامانجی بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری وڵاته‌كه‌مان.
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران…
پێویسته سه‌رۆك كۆمار ڕه‌مزی یه‌كڕیزی و شكۆمه‌ندی وڵات و پارێزه‌ری ده‌ستوور بێت، سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، سه‌رۆكێكی ڕاسته‌قینه بێت نه‌ك ژێرده‌ست بێ، ئه‌م نیشتیمانه كه خاكی ڕافیده‌ین و چیاكانی كوردستان و شارستانیه‌تی ئور و سۆمه‌ر بابل و ئاشوره.. خاكی پێغه‌مبه‌ران و چاكه‌خوازان و مه‌رجه‌عیه‌ته به‌ڕێزه‌كانه شایه‌نی سه‌رۆكێكی شایسته‌یه.
هه‌روه‌ك ده‌مناسن و ناسیوتانم و ئاشنای كار و چالاكییه‌كانمن، به هه‌موو هێز و توانای خۆمه‌وه و به پشتیوانی دڵسۆز و خه‌مخۆرانی وڵات، له سۆنگه‌ی دیدێكی نیشتمانییه‌وه ئه‌ركه‌كانی خۆم ئه‌نجامداوه، وێڕی ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته جۆراوجۆره‌كان، له‌سایه‌ی ھیچ بارودۆخێكدا ڕێگه‌م نه‌داوه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بكه‌وێته خزمه‌ت ئه‌جێندایه‌كی نانیشتمانی، له ئان و ساته هه‌ره سه‌خت و دژواره‌كاندا، هه‌وڵمداوه وڵاته‌كه‌مان له گێژاوی ململانێی خوێناوی ناوخۆیی ده‌رباز بكه‌م، دوای ساڵانێكی دوور و درێژی حوكمڕانی له‌م وڵاته‌دا، ھه‌ستم به‌وه كردووه كه كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌م گه‌له خاوه‌ن حوكمڕانییه‌كی باش بێت و له ئاشتی و ئارامیدا بژیت، حوكمڕانییه‌ك كه پایه سه‌ره‌كییه‌كانی له‌سه‌ر بڕیاری نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ بنیات بنرێت.
من له چیا سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستان، له سه‌ماوه و كه‌ربه‌لا و سه‌لاحه‌دین و بابل و واست و عماره و ھه‌ڵه‌بجه‌وه ھاتووم، ده‌مه‌وێت دووباره شه‌ره‌فی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه له ئه‌ستۆ بگرم، ھه‌روه‌ك چۆن له خولی ڕابردوو به بڕیارێكی سه‌ربه‌خۆی نیشتمانی ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێ‌بڕا و ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارم گرته‌ده‌ست، باوه‌ڕی ته‌واویشم به‌وه هه‌یه كه عێراقێكی فیدڕاڵی و یه‌كڕیزی ده‌ستووری، تاكه ڕێگای بنیاتنانی وڵاته‌كه‌مانه، به‌غدای پایته‌ختیش هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه، هه‌ر له به‌غداشه‌وه ده‌توانین سه‌رجه‌م كێشه و گیروگرفته‌كانمان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه… چونكه له‌ڕاستیدا به‌هێزی به‌غدای پایته‌خت، به‌هێزی به‌سڕه و ئه‌نبار و موسڵ و كوردستانیشه.
ئێمه سه‌ركه‌وتوو بووین له تێپه‌ڕاندنی زۆرێك له گرێكوێره و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌ممان، عێراقمان له وڵاتی مه‌ڵبه‌ندی كێشه و ململانێكانه‌وه كرده خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وته‌ش به‌رده‌وام ده‌بین، هه‌روه‌ك به‌ڵێنم داوه و خۆشتان ده‌مناسن، له‌گه‌ڵ خودا‌و خۆم و گه‌له‌كه‌م ڕاستگۆ ده‌بم، به هه‌موو هێز و تواناشمه‌وه كار بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی سه‌قامگیری خاوه‌ن توانا و دادپه‌وه‌ر ده‌كه‌م.
سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی وڵات داده‌نه‌وێنم كه له پێناو ئازادی و دیموكراسی و شكۆداری و به‌رگریكردن له نیشتمان گیانی خۆیان به‌خشی.
په‌روه‌ردگاری مه‌زن عێراق و گه‌له‌كه‌مان له هه‌موو به‌ڵا و ناخۆشییه‌ك بپارێزێت.
دووباره سڵاو و ڕێزم قبوڵ بفه‌رموون.