عیزەت شابەندەر كەسایەتیی سیاسیی عێراقی، وەڵامی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەداتەوە كە ڕایگەیاندبوو چیتر وڵاتان ناتوانن دەستوەربدەنە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت و دەڵێت، “تۆ بە ویست و پارەی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بازتدا بۆ پۆستەكەت”.
پێشتر محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە تویتێكدا نووسیبووی، “سەردەمی دەستوەردانی دەرەكی لە حكومەتەكانی عێراقدا بەسەرچوو، ئەمڕۆ چیاكانی عێراق و بیابانەكانی ڕوو لە نەجەف دەكەن بۆ وتووێژی حكومیی عێراقیی نیشتمانیی تەواو، نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاوایی”.
لە كاردانەوەی ئەو وتەیەدا، عیزەت شابەندەر كەسایەتیی سیاسیی سەربەخۆی عێراقی ڕەخنەی لە حەلبووسی گرت و لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “گاڵتەجاڕیی سەردەمی پووچ و بێچاووڕوویی لە هەڵوێستدا، ئەوەیە كەسێك سەرەخۆشی لە دەستوەردانی دەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتدا بكات كە خۆی بە ویست و پارەی دەرەكیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بازیدابێت بۆ پۆستەكەی”.
پەیامەكەی حەلبووسی لە تویتەر، ئاماژە بوو بۆ سەردانەكەی خۆی و نێچیرڤان بارزانی بۆلای موقتەدا سەدر، كە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی بارزانی چوونە نەجەف و داوایان لە سەدر كرد قایلببێت نوری مالكی بەشداری لە حكومەتدا بكات و ببێت بە جێگری سەرۆك كۆمار.