نەتەوە یەکگرتووەکان: تاڵیبان لانیکەم 100 بەرپرسی حکومی و ئەمنیی پێشووی کوشتووە

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات تاڵیبان و هاوبەشەکانی زیاتر لە 100 ئەندامی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکانیان کوشتووە.

ڕاپۆرتەکە کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، پێشێلکردنێکی زۆر و بەرچاوی مافی مرۆڤ هەیە لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەتی تاڵیبانەوە، بە ئاماژەکردن بۆ کوشتنی سیاسی، کۆتوبەندکردنی ئازادیی ژنان و مافی خۆپیشاندان.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت، “لەگەڵ ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتی بۆ ئەندامانی پێشووی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان و ئەوانەی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان کاریانکردووە، هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامن بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانە و ڕووبەڕوونەبوونەوەیان بە هەوڵەکانی کوشتن، ڕفاندن و پێشێلکاریی دیکە”.

لە دوای دەستبەکاربوونی تاڵیبان لە 15ی ئابی ساڵی ڕابردوودا نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان زیاتر لە 100 ڕاپۆرتی کوشتنی ئەو کەسانەی کۆکردووەتەوە کە پاڵپشتین بۆ ڕاستیی ئەو ڕووداوانە، بەپێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو کوشتنانە بەشێوەی جێەجێکردنی ڕاستەوخۆ بەبێ فەرمانی دادگا و دادگاییکردن لەلایەن کەسانی سەر بە حکومەتی نوێوە ئەنجامدراون.

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، “چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان تائێستاش ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیان بە دەستدرێژی، ڕفاندن، مامەڵەی نەشیاو و کوشتن هەیە، سەرەڕای هەڵمەتی بەرفراوانی حکومەت بۆسەر خۆپیشاندانی ئاشتییانە و سەرکوتکردنی، لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانینی دەستگەیشتنی ژنان و کچان بە کار و خوێندن”.

گۆتێرێش دەڵێت، ئەفغانستان ڕووبەڕووی کارەساتی مرۆیی دەبێتەوە بەهۆی گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبان و سڕکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو وڵاتە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە، ئەمەش تاڵیبانی زیاتر دەستکراوە کردووە بۆ پێشێلکارییەکان، لە کانوونی یەکەمی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسایش ڕەزامەندی دا لەسەر پێشنیازی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە ئەفغانستان بۆ ماوەی ساڵێک.

بابەتی پێشتر

چەند کەسێک لە دهۆک بە بەهای 600 ملیۆن دینار سپلیتی کۆمپانیایەکیان دزیوە

بابەتی دواتر

شابەندەر بۆ حەلبووسی: تۆ بە پارەی وڵاتان بووی بە سەرۆكی پەرلەمان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share