سلێمانی بڕی غازی کەمتری بەراورد بە هەولێر پێدەگات

بەپێی وتەکانی سەرۆکی لیژنەکانی پیشەسازی و وزەی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر، دەردەکەوێت پارێزگای سلێمانی بە دوو ئیدارەی سەربەخۆوە کەمتر بڕی غازی پێدەگات بە بەراورد بە پارێزگای هەولێر.

کێشەی کەمیی غاز لە پارێزگاکانی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو بڕەی بۆ پارێزگاکان دانراوە لە ساڵی 2012ەوە گۆڕانکاری تیادا نەکراوە و ئێستا بە هۆکاری گەورەبوونی شارەکان و وەرزی سەرماوە بڕی پێویستی غاز ناگاتە بریکارەکان و دواتریش هاوڵاتییان، ئەوەشی دەمێنێتەوە لە غازی بازرگانی نرخەکەی بەپێی خواست گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

نافیز ناوپردانی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە ساڵی 2012ەوە ڕۆژانە بڕی 260 تۆن غاز دەگاتە پارێزگای هەولێر، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بەشناکات، بەهۆی ئەوەی شارەکان گەورەتربوون و خواردنگە و کارگەی زیاتریان تیادا کراونەتەوە”.

لەبارەی بڕی غازی دابینکراو بۆ پارێزگای سلێمانی، کەریم عەلی سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ڕۆژانە بڕی 230 تۆن غاز دەگاتە پارێزگای سلێمانی، لەکاتێکدا سلێمانی پێویستی بە 500 تۆنی ڕۆژانە هەیە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئێستا لە هەندێک شوێنەوە لەوانە کەرکوک بڕێک غاز دەگاتە سلێمانی، کە ئەگەر ئەوە نەبێت ئەو 230 تۆنە بە هیچ شێوەیەک بەشی سلێمانی ناکات و لە ئێستا زیاتر قەیرانی دروستدەکرد”.

بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ زستانێکی سارد بوو بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر، هاوکات نەوتی پێویستیش نەگەیشتبووە دەستی هاوڵاتییان و کارەباش بەهەمانشێوە وەک پێویست نییە، هاوڵاتییان ناچارن غاز بۆ گەرمکەرەوەش بەکاربهێنن، ئەمەش خواستی لەسەر غاز زیادتر کردووە.

بابەتی پێشتر

نادال بە ئاستێکی ئەفسانەییەوە کراوەی ئوسترالیای بردەوە و عەرشی ئەفسانەکانی گرت

بابەتی دواتر

بەرگریی شارستانی بۆ هاوڵاتییان: بەمجۆرە زۆپای نەوت و غاز بەكاربهێنن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share