سەرۆكی توركیا، سەرۆكی دەستەی ئاماری نیشتمانیی وڵاتەكەی لە پۆستەكەی دوورخستەوە، پاش بڵاوكردنەوەی ژمارەكانی هەڵاوسانی ساڵانە لە وڵاتدا.
سەعید ئیرداڵ دینگر، سەرۆكی دەستەی ئاماری نیشتمانیی توركیا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە پاش بڵاوكردنەوەی ئامارەكان لە سەرەتای ئەم مانگە كە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی بە 36.1% دیاریكردبوو، كە بەرزترین ئاستە لەماوەی 19 ساڵی ڕابردوودا.
هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، ژمارەی ڕاستەقینەی هەڵاوسان زۆر زیاترە لەوەی بەرپرسەكەی توركیا ئاشكرایكردووە، پێیانوایە زیادبوونی كردەیی لە تێچووی ژیان لانیكەم دوو هێندە بەرزترە.
ئەردۆغان هۆكاری بڕیارەكەی ئاشكرانەكردووە، دوای ئەوەی ئیرهان چیتینكایا، جێگری سەرۆكی پێشووی دەستەی ڕێكخستنی بانكی توركیای وەك سەرۆكی نوێی دەستەی ئاماری نیشتمانی دیاریكرد.
هەڵاوسان بۆ زیاتر لە 36% لەماوەی یەك ساڵدا لە كانونی یەكەمدا لە توركیا بەرزبووەوە، كە ژمارەیەكی پێوانەییە لە ئەیلولی 2002ەوە بەهۆی پاشەكشەی بەهای لیرە.
ئەردۆغان لە دۆخێكی ناهەمواردایە بە 18 مانگ بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، هەربۆیە بەردەوامە لە بەرگریكردن لە بژاردەكانی، سەرەڕای ئەوەی بەسەر دراوی وڵاتەكەی و ئابوری توركیادا هێناویەتی.
بەهۆی ئەو هەڵاوسانەی تووشی ئابوریی توركیای كردووە و بەهۆیەوە ئاستی جەماوەری كەمیكردووە، ئەردۆغان بەڵێنی كەمكردنەوەی هەڵاوسانی لە كەمترین ماوەدا دا، بێ ئەوەی تائێستا هیچ ئەنجامێكی دەركەوتبێت.