ڕوسیا بە وەڵامەكانی ئەمریكا لەبارەی ئۆكرانیاوە دڵخۆشنییە

سێرگی لاڤروڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەمریكا و هاوپەیمانیی ناتۆ لە نامەكەیاندا بۆ مۆسكۆ دڵەڕاوكێكانی ڕوسیایان لەبەرچاونەگرتووە و لەبارەی بابەتی لاوەكییەوە دەدوێن و پرسە سەرەكییەكەیان پشتگوێخستووە كە بڵاوكردنەوەی هێز و چەكە لەنزیك ڕوسیا.

دوای ئەوەی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی “ڕێڕەوێكی دیپلۆماتیی جددی” بۆ ڕوسیا پێشنیازكردووە بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی ئۆكرانیا و واشنتن و هاوپەیمانیی ناتۆ بە نووسراو وەڵامی داواكارییەكەی ڕوسیایان داوەتەوە، ڕوسیا ناڕەزایی لەبارەی ناوەڕۆكی نامەكەوە نیشاندا.

ڕوسیا چەند جارێك داوای لە ئەمریكا و ئەوروپا كردووە گەرەنتیی ئەمنی پێبدەن بەوەی بڵاوبوونەوەی هێزی ناتۆ لە دەوروبەری ئۆكرانیا مەترسی نییە بۆسەر ڕوسیا.

دوای ماوەی چەند هەفتەیەك لە چاوەڕوانی، ئەمریكا و ناتۆ بە نامەی نووسراو وەڵامی ڕوسیایان دایەوە و ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ناوەڕۆكی نامەكەی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، “واشنتن ڕێڕەوێكی دیپلۆماتیی جددی پێشنیازكردووە بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی ئۆكرانیا”.

بلینكن وتیشی، “ڕوونیدەكەینەوە كە كۆمەڵێك بنەمای سەرەكیی هەن ئێمە پابەندین پارێزگاری و بەرگرییان لێبكەین، لەوانە سەروەریی ئۆكرانیا و سەلامەتیی خاكەكەی”.

لە وەڵامی نامەكەدا، سێرگی لاڤروڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، “ناوەڕۆكی نامەكە چەند كاردانەوەیەك لەخۆدەگرێت كە هیوابەخشن بەوەی گفتوگۆیەكی جددی دەستپێبكات، بەڵام لەبارەی دۆزگەلێكەوە كە سەرەكی نین و بە پلەی دووەم دێن”.

وتیشی، نامەكەی ئەمریكا “هیچ وەڵامێكی ئەرێنی لەبارەی پرسە سەرەكییەكەوە لەخۆناگرێت ئەویش داواكارییەكەی ڕوسیایە بۆ ڕاگرتنی هەڵكشانی هێزەكانی ناتۆ بە ئاراستەی خۆرهەڵات و بڵاوكردنەوەی سیستمی مووشەكی هێرشبەر كە ڕەنگە مەترسی لەسەر خاكی ڕوسیا دروستبكەن”.

خاڵێكی تری نامەكەی ئەمریكا وەك وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاشكرایكردبوو، ئەوەیە كە “وڵاتان مافیان هەیە لە دیاریكردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەكان و هاوپەیمانێتییەكانی تایبەت بە خۆیان”، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئۆكرانیا مافی خۆیەتی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا و ناتۆدا بكات و ئەوانیش ڕێگەنادەن ڕوسیا هێرشبكاتەسەر ئەو وڵاتە.

لە وەڵامی ئەوەدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، “بەپێی بنەماكانی ئەنجومەنی ئاسایش، وڵاتان مافی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییان هەیە، بەڵام بەو مەرجەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنەكە بەرژەوەندیی ئەمنیی یەكدی ڕەچاوبكەن”.

بابەتی پێشتر

پەككین داوا لە واشنتن دەكات هەڵەی هەڵسوكەوتە بازرگانییەكانی ڕاستبكاتەوە

بابەتی دواتر

پەیامی ناڕاستەوخۆی مالكی بۆ سەدر: دەستم درێژكراوە و لەگەڵ بەكەسیكردنی ململانێدا نیم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share