ئەمریكا دیپلۆماتكارانی لە ئۆكرانیا دەكشێنێتەوە و دەڵێت، لە هەر ساتێكدا ڕوسیا داگیریدەكات

ئەمریكا و بەریتانیا فەرمانیان بە دیپلۆماتكار و نوێنەر و فەرمانبەرانی خۆیان لە كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا كردووە ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و دەڵێن، لە هەر ساتێكدا ڕوسیا ئۆكرانیا داگیردەكات و بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ڕەوانەی سنوورەكانی ئۆكرانیا كردووە. حكومەتی ئۆكرانیا بڕیارەكە بە پێشوەختە ناودەبات و ڕوسیا دەڵێت، جموجۆڵی سەربازیی خۆرئاوا لەسەر سنوورەكانمان پشتگوێناخەین.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و وتی، “دیپلۆماتكار و نوێنەرانمان لە كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و لەو كارەشدا سەرپشكن”.

پاساوی ئەمریكا بۆ دوورخستنەوەی كارمەندەكانی لە ئۆكرانیا ئەوەیە كە دەڵێت، “پێمانوایە لەهەر ساتێكدا ڕوسیا ئۆكرانیا داگیردەكات”.

یەكێتیی ئەوروپا: پێویست بە “ئاڵۆزكردن” ناكات

جیاواز لە ئەمریكا، یەكێتیی ئەوروپا (كە لە قەیرانی ئۆكرانیادا هاوپەیمانێكی تەواوی ئەمریكایە) دوورخستنەوەی دیپلۆماتكارانی لە ئۆكرانیا بەپێویست نازانێت. جۆزێپ بورێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە لە یەكێتیی ئەوروپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، یەكێتییەكە داوای كشاندنەوەی خێزانە دیپلۆماتكارەكانی لە ئۆكرانیا ناكات وەك ئەوەی ئەمریكا كردی.

جۆزێپ ڕایگەیاند، پێویست بە “ئاڵۆزكردن” ناكات لەكاتێكدا وتووێژەكان لەگەڵ ڕوسیادا بەردەوامن، تەنها لەكاتێكدا نەبێت كە ئەمریكا زانیاریمان لەبارەی دۆخەكەوە پێبدات.

لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەی ئەمریكادا، وەزارەتی دەرەوەی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی دیپلۆماتكارەكانی پێشوەختەیە و ڕەنگدانەوەی بە وریایی مامەڵەكردنی لەڕادەبەدەرە”.

بەریتانیا و فەرەنسا دوای ئەمریكا دەكەون

هاوشێوەی ئەمریكا، بەریتانیاش لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەیەوە ئاشكرایكرد كە فەرمانبەرەكانی و كەسوكاریان لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە كیێڤ دەكشێنێتەوە وەك پەرچەكردارێك بەرامبەر بە “هەڕەشەی هەڵكشاوی ڕوسیا” بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا.

هاوكات حكومەتی فەرەنسا داوای لە هاوڵاتییانی كرد نەچنە ئۆكرانیا و خۆیان لە گەشتی ناپێویست بۆ ئۆكرانیا بەدووربگرن.

ڕوسیا ، جموجۆڵی سەربازیی خۆرئاوا لەسەر سنوورەكانمان پشتگوێناخەین

لە ئاست ئەم گۆڕانكارییانەدا، ڕوسیا جەختدەكاتەوە كە جموجۆڵی سەربازیی خۆرئاوا لەسەر سنوورەكانی پشتگوێناخات.

دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانی بەپێی پێویست.

وتیشی، ڕوسیا چاوەڕوانی وەڵامی خۆرئاوایە بۆ پێشنیازەكانی كە داوای گەرەنتیی ئەمنی كردبوو بەوەی بڵاوكردنەوەی هێزی ناتۆ لە ئۆكرانیا نابێتە هەڕەشە بۆسەر ڕوسیا، “بەڵام بەداخەوە بەپێی ئەو زانیارییانە بێت كە لە ناتۆوە دێن، ڕوسیا لە دەوروبەرێكی دوژمنكارانەدا دەژی”.

بابەتی پێشتر

سەعد حەریری هەڵپەساردنی كاركردنی لە ژیانی سیاسیدا ڕادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی کێشەکانی گرتووخانەی غوێرانەوە 45 هەزار کەس ئاوارەبوون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت 110 دۆلاری تێپەڕاند

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ پێشنیازی وڵاتانی یەکێتیی…
Total
0
Share