هاوڵاتیی هەرێم ڕۆژانە 100 لیتر ئاو زیاتر لە ستانداردی جیهانی بەکاردەهێنێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ستانداردی جیهانی، هەر کەسێک ڕۆژانە پێویستی بە 200-250 لیتر ئاو هەیە، لە هەرێمی كوردستان، هەر هاوڵاتییەک ڕۆژانە زیاتر لە 350 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردن و تێچووی ئاوی خواردنەوە لە هەرێم چەند زانیارییەکی ئاشکراکردووە و ڕایگەیاندووە، “نرخی یەك مەتر سێجا ئاو لەسەر حکومەت 400 دینارە و ساڵی ڕابردوو خەرجیی گەیاندنی ئاوی خاوێن لە تەواوی هەرێمی کوردستان، گەیشتبووە 117 ملیار دینار، لە کاتێکدا تەنها 42 ملیار دینار وەک داهات کۆکرابووەوە”.

حکومەتی هەرێم ئاشکراشیکردووە، “حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی ئاو، میکانیزمێکی نوێ پەیڕەودەکات، ئەمەش لەپێناو هەلی گەیشتنی ئاوی خاوێن بە هەموو هاوڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش هاوڵاتییانی هانداوە پێوەری ئاو ببەستن بۆ ئەوەی هەموو هاوبەشانی ئاو، بە دادپەروەریی ئاویان پێبگات”.

ڕێژەی خەرجکردن و پارەی ئاوی ماڵان، به‌ گوێره‌ی خشته‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بەم شێوەیەیە:

هەر ماڵێک لە مانگێكدا ئەگەر تەنها 5 مەتر سێجا ئاو خەرجبكات، 250 دیناری لێوەردەگیرێت، واتە بۆ هەر 1 مەتر سێجا 50 دینار دەدات.

لەدوای 5 مەتر سێجا تا 15 مەتر سێجا، بۆ هەر 1 مەتر سێجا 150 دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک 15 مەتر سێجا ئاو خەرجبكات، 1750 دیناری لێوەردەگیرێت.

لەدوای 15 مەتر سێجا تا 30 مەتر سێجا، بۆ هەر 1 مەتر سێجایەک 300 دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک 30 مەتر سێجا ئاو خەرجبكات، 6250 دیناری لێوەردەگیرێت.

لەدوای 30 مەتر سێجا تا 60 مەتر سێجا، بۆ هەر 1 مەتر سێجایەک 450 دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک 60 مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، 19750 دیناری لێوەردەگیرێت.

لەدوای 60 مەتر سێجا، بۆ هەر 1 مەتر سێجایەک 600 دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک 150 مەتر سێجا ئاو خەرجبكات، پێویستە 106 هەزار دیناری لێوەربگرێت، بەڵام حکومەت بۆ ئەوەی بارگرانی نەكەوێتە سەر هاوڵاتییان، ئەگەر لەسەروو ڕێژەكەشەوە ئاو خەرجبكات، لە 45 هەزار دینار زیاتری لێوەرناگرێت.

لە هەرێمی کوردستان 930 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڵام تاوەکو ئێستا 67%‌‌ی هاوبەشانی ئاو، پێوەری زیرەکیان بەستووە، کە دەکاتە زیاتر لە ملیۆنێک هاوبەش.

بابەتی پێشتر

دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

چالاکێکی کورد دوای گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share