ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیان، كە پشتی بە لێكۆلینەەیەك بەستووە، مەترسییەکانی زیادبوونی ئاستی پیسبوونی کیمیایی دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوەدەکات لە بەرزترین لوتکەوە کە ئێڤێرستە، تا قوڵترین ئاستی دەریاکان پیسبوونی ژینگە لەڕووی کیمیاییەوە ئاستی هەسارەکەی تێپەڕاندووە.
بەپێی ئەو توێژینەوە نوێیەی ڕۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، زیادبوونی پیسبوونی کیمیایی لەجیهاندا هەڕەشەیە بۆسەر ئەو سیستمە ژینگەییەی کە مرۆڤایەتی پشتیپێدەبەستێت.
زانایان ئاماژە بەوەدەکەن، کەلوپەلە پلاستیکییەکان سەرچاوەیەکی مەترسیداری گەورەن، لەگەڵ ئەوەشدا 350 جۆر لە ماددەی کیمیایی دروستکراو لە مەترسییە کیمیاییەکانی سەر ژینگەن.
توێژینەوەکە دەڵێت، پیسبوونی کیمیایی هەڕەشە لە سیستمی زەوی دەکات، کە کاردەکاتە سەر کردە بایۆلۆجی و فیزیاییەکانی زەوی و دواتریش سەرجەم جۆرەکانی ژیان تێیدا.
بەنمونە، لەناوبەری مێرووەکان “PCB” دەبێتەهۆی لەناوبردنی ژمارەیەکی زۆر لە مێروو کە سوودبەخشن و ناکرێت بەو پێكهاتانە لەناوببرێن، كە لەبنەڕەتیشدا ئەوان ئامانج نین، بەڵام لەناوبردنیان کاریگەریی لەسەر هەوای پاک، ئاو و خۆراک دەبێت.
باتریشیا فیلارۆبیا توێژەر لە ناوەندی “SRC” ی سویدی دەڵێت، لەساڵی 1956ـەوە ڕێژەی بەرهەمهێنانی کەرەستە کیمیاییەکان پەنجا هێندە زیادیکردووە، پێشبینیشدەکرێت تاساڵی 2050 ئەو ئاستەی ئێستا بۆ سێ هێندە بەرزببێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئاستەی وڵاتانی جیهان کەرەستەی کیمیایی پێبەهەمدەهێنن، چ جۆرەکانی پێشوو، چ جۆری نوێی ئەو ماددە کیمیاییانە، وادەکات ناوچەی پارێزراوی ژینگەیی بۆ مرۆڤایەتیی بەتەواوی بەرتەسک ببێتەوە، یان لەبنەڕەتەوە ئاسایشی ژینگەیی بۆ مرۆڤایەتی نەمێنێتەوە.
زانایان ئاماژە بەوەدەکەن، هەندێک لە مەترسییەکانی ماددە کیمیاییەکان کاردەکەنە سەر ناوچەیەکی بەرفراوانتر، وەک ماددەی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن، کە کاردەکاتە سەر چینی ئۆزۆن و وێرانی دەکات.
توێژینەوەکە بۆ دیاریکردنی کاریگەریی پیسبوونی کیمیایی و تێپەڕاندنی سنووری ئاسایشی هەسارەی زەوی، ژمارەیەک پێوەری دیاریکردووە.
ئەو توێژینەوەیە، تێکڕای بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکانی بەکارهێناوە، کە بەشێوەیەکی خێرا بەرزدەبێتەوە و دەکرێتە ژینگەوە.
هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی قورس و دەردانی گازە زیانبەخشەکان بۆ ناو ژینگە یەکێکی دیکە بووە لەو هەڵسەنگاندنانەی توێژینەوەکە پشتی پێبەستووە.
لایەنێکی دیکەی توێژینەوەکە دەریدەخات تێکڕای قەبارەی ئەو پلاستیکانەی لەسەر زەویدا هەن زیاترە لە قەبارەی کۆی سییەکانی سەرجەم زیندەوەرانی سەر هەسارەکە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ تێپەڕاندنی سنووری سەوزیی ژینگەی هەسارەکە.
بۆیە توێژەران دووپاتیدەكەنەوە، زەوی پێویستی بە ڕێکخستنێکی بەهێزتر هەیە، بەجۆرێک سنوورێکی جێگیر بۆ بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکان و دەردانیان بۆناو ژینگە دابنرێت.
قسەكردن لەسەر ئەو مەترسییانە لەكاتێكدایە، لە تشرینی دووەمی 2021دا زیاتر لە 100 وڵات ڕێککەوتنی گلاسکۆیان بۆ ئاووهەوا واژووکرد، ئەمەش دوای دوو هەفتە لە گفتوگۆ سەبارەت بە قەتیسبوونی گەرمای زەوی.