وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گۆڕاوی ئۆمیكرۆن گەیشتووەتە قۆناغی ترۆپك لە بڵاوبوونەوە.
لەو چێوەیەدا وەزارەتەكە هۆشدایدا لەوەی سیستمی تەندروستیی عێراق ڕووبەڕووی ئالنگاری و فشاری گەورە ببێتەوە، لەحاڵێكدا ئەگەر زۆرێك لەماوەیەكی كەمی دیاریكراودا تووشبن.
بەپێی ئامارەكان، ژمارەی ڕۆژانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق بەمدواییە ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
ڕۆژنامەی سەباح-ی نیمچە فەرمی لە زاری دكتۆر هەیسەم عوبێدی، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن چووە قۆناغی ترۆپكی بڵاوبوونەوەوە وەك زنجیرە و گۆڕاوێكی نوێ.
وتیشی، “زنجیرەی ئۆمیكرۆن هاوشێوەی زنجیرەكانی پێشووە، بەڵام بە خێرا بڵاوبوونەوە جیادەكرێتەوە، بۆیە بە مایەی نیگەرانی زۆر دادەنرێت بەهۆی بەرزكردنەوەی ژمارەی تووشبووان لەماوەیەكی كەمدا، كە ئەوەش فشار لەسەر كەرتی تەندروستی و دەرمان دروستدەكات”.
بەرپرسەكەی تەندروستیی عێراق هۆكاری زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی لەماوەی ڕابردوودا بۆ هۆكاری بڵاوبوونەوەی جۆرە گۆڕاوەكە لەنێو هاوڵاتییاندا گێڕایەوە، بەڵام جۆرێك لە دڵنیاییشی دا بەوەی كاریگەرییەكانی لەسەر تووشبوو بە ماوەیەكی كەم كۆتایی دێت.