سەرەكیترین هۆكارەكانی توشبوون بە كەڕووی ڕەش چین؟

سەرپەرشتیاری چارەسەری ئەو نەخۆشەی دوێنێ لە سلێمانی بە کەڕووی ڕەش گیانیلدەستدا، دڵنیایی لەبارەی نەبوونی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان کۆرۆنا و کەڕووی ڕەش دەدات، دەڵێت، “هەر کەسێک بەرگریی جەستەی زۆر دابەزێت، بەهەر هۆکارێک بێت تووشی کەڕووی ڕەش دەبێت“.

دوێنێ سێشەممە لە سلێمانی یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کەڕووی ڕەش تۆمارکرا، کە هاوڵاتییەکی تەمەن 78 ساڵی خەڵکی پارێزگای ئەنبار بوو، دوای 10 ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانیلەدەستدا.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر گۆران محێدین سەرپەرشتیاری چارەسەری ئەو نەخۆشە ڕایگەیاند، نەخۆشییەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بەرگریی جەستەوە هەیە، نەک کۆرۆنا، ئەو کەسانەی بەرگریی جەستەیان بە هەر هۆکارێک بەشێوەیەکی زۆر دادەبەزێت، نیشانەکانی کەڕووی ڕەشیان تێدا دەردەکەوێت.

پزیشكەكە ئاشكراشیكرد، شەکرە یەکێکە لەو نەخۆشییانەی بەرگریی جەستە دادەبەزێنێت و ئەگەری توشبوون بە كەڕووەكە زیاتر دەکات، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بەکارهێنانی ئەو دەرمان و چارەسەرانەیە، کە بەرگریی جەستە دادەبەزێنن، بەتایبەت دەرزیی ستیرۆیدس.

نیشانەکانی کەڕووی ڕەش بریتیین لە سووربوونەوەی چاو، تێکچوونی بینین، تێکچوونی جوڵەی چاو، هەوکردنی (جیوبەکان)، دروستبوونی دەردراوێکی ڕەش لەناو لوتدا و دروستبوونی ئازار لەسەردا.

ئەو کەسەی دوێنێ لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی بە کەڕووی ڕەش گیانیلەدەستدا، پێشتر تووشی کۆرۆنا ببوو، نەخۆشی شەکرە، دڵ و فشاری خوێنی هەبووە، هەروەها شەکرەکەی کۆنترۆڵ نەکراوە، وەك پزیشكەكە ئاشكرایكرد.

ئەو ڕێنماییانەی پزیشکی سەرپەرشتیاری نەخۆشەکەی سلێمانی دەیدات بە هاوڵاتییان لەبارەی کەڕووی ڕەش، بەکارنەهێنانی ئەو دەرمانانەی بەرگریی جەستە دادەبەزێنن، پاکوخاوێنی، هەروەها ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، کۆنترۆڵی شەکرەکەیان بکەن بۆ خۆپارێزی.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشییەکە لە عێراقدا زۆر کەمە، تەنها لە وڵاتی هیندستان زۆرە، کە لە 100 هەزار کەسیان 14 کەس تووشدەبن.

 

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌ر نزیكەی 3.5 تۆن توتنی به‌سه‌رچووی نێرگه‌له‌دا گیرا

بابەتی دواتر

لە سلێمانی نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان دیاریكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share