قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، پیرۆزبایی لە حوسییەكان دەكات لەپای ئەو هێرشەی ئەمڕۆ بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردیانەسەر ئیمارات، هۆشداریش دەدات بەو وڵاتە دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە حوسییەكانی یەمەن بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و پێنج مووشەكی بالیستی هێرشیانكردەسەر كۆگاكانی كۆمپانیای ئەدنۆك لە ئەبوزەبی و هەردوو فڕۆكەخانەی ئەبوزەبی و دوبەی، لە هێرشەكاندا سێ تەنكەری گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەكان تەقینەوە و سێ كەس كوژران و شەش كەسی دیكە برینداربوون.
ئەمشەو قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، لە تویتێكدا پشتیوانیی خۆی بۆ هێرشەكان دەربڕی و بە كارێكی شۆڕشگێڕانە ناوزەدیكرد.
خەزعەلی هێرشی حوسییەكان بە پەرچەكرداری شەڕی یەمەن دەزانێت و پێیوایە ئیمارات دەستێكی باڵای هەیە لەوەی لە یەمەن دەگوزەرێت. هەڕەشەش لە ئیمارات دەكات بەوەی دەست وەرنەداتە كاروباری ناوخۆی عێراق و دەڵێت، “فەرمانڕەوایانی وڵاتۆچكەی ئیمارات ئەوانەی كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاساییكردووەتەوە، هۆشدارییان دەدەینێ لە دەرئەنجامی نەخوازراوی دەستوەردانیان لە كاروباری ناوخۆی عێراق و ئاژاوەنانەوە و دروستكردنی دووبەرەكی لەنێوان ڕۆڵەكانی گەلەكەیدا، پێیان دەڵێین عێراقییەكان شكۆمەندن و ڕێگە بە دەستدرێژیی ئێوە و هیچ كەسێكی تر نادەن”.