پەیامی قائانی بۆ سەدر و چێوەی هەماهەنگی ئاشكرادەكرێت

قائانی سەردانی نەجەف و مەزاری باوكی سەدریشی كردبوو، بەڵام سەدری نەبینیوە.

سەركردەیەكی چێوەی هەماهەنگی وردەكاری گفتوگۆی نێوان سەرانی چێوەی هەماهەنگی و ئیسماعیل قائانی لە بەغداد ئاشكرادەكات و دەشڵێت، قائانی بە سەدر ڕادەگەیەنێت كە دەكرێت بەشێك لە چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ڕەوتی سەدردا بچێتە حكومەتی داهاتووەوە.

شەوی ڕابردوو ئیسماعیل قائانى، فه‌رمانده‌ى فەیلەقی قودسى سه‌ر به‌ ‏سوپاى پاسدارانى ئێران، گەیشتە عێراق و ئەمڕۆ یەكەم دیداری لەگەڵ سەركردەی لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی لە بەغداد ئەنجامدا.

ئەحمەد موسەوی، سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی، چەتری كۆكەرەوەی هێزە شیعییەكان جگە لە ڕەوتی سەدر، ‏ڕایگەیاند، كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێن دەشێت بەشێك لە چێوەی هەماهەنگی بچێتە ناو حكومەتەوە و قبوڵی كەمترین زیان بكرێت، بەمەرجێك ئەو بەشەی بەشداری لە حكومەتدا ناكات و ئەوەی لەناو حكومەتدایە لە چێوەی هەماهەنگی یەك كوتلەی كاركردن بێت لەناو پەرلەماندا.

موسەوی لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان پێشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی چارەسەری پرسەكە لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا بكرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح گەیشتووەتە هەولێر بۆ تاوتوێكردنی ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام ڕەزامەندی كۆتایی لەلایەن سەرجەم لایەنەكانی چێوە تائێستا دەرنەچووە دەربارەی بەشداریی بەشێك لە حكومەت و چوونی بەشەكەی دیكە بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن.

موسەوی ئەوەشی ڕوونكردەوە، “پرسە كەسییەكان و ناكۆكی نێوان مالكی و سەدر هۆكارە بۆ نەگەیشتنە سازانی تەواوەتی ناو ماڵی شیعە و دروستكردنی یەك كوتلە”.

سەركردەكەی چێوەی هەماهەنگی باسی لەوەشكرد فەرماندەی فەیلەقی قودس پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ سەدر هەیە و ناوەرۆكی گفتوگۆكەی نێوان خۆی و چێوەی هەماهەنگی پێدەگەیەنێت، بەمەبەستی بەدەستهێنانی سازانی شیعە لەسەر پێكهێنانی حكومەت.

پێشتر میدیا عێراقییەكان لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەردانەكەی قائانى، ئاشكرایانكرد كە سەركردە ئێرانییەكە هه‌وڵی نزیككردنه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ شیعه‌كان ‏ده‌دات، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ پێكهێنانى حكومه‌ت و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو له‌گه‌ڵ چێوه‌ى ‏هه‌ماهه‌نگی و ڕەوتی سەدر تاوتوێده‌كات.‏

نوری مالكی و موقتەدا سەدر

سەدر كارتی سووری بەڕووی مالكی بەرزكردووەتەوە
سەرەڕای ئەوەی موقتەدا سەدر لەدوای دەرچوونییەوە وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بەردەوام جەخت لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكاتەوە، بەڵام بەمدواییە شارەزایان ئەوەیان ئاشكراكرد كە ڕەتكردنەوەكەی سەدر ڕەنگە تەنها فراكسیۆنەكەی نوری مالكی بكرێتەوە.

ئەمەش بەتەواوی دوای كۆبوونەوەكەی شەوی شەممەی ڕابردووی نێوان موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر و هادی عامری، ‏سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و یەكێك لە سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی زیاتر بەدەركەوت.‏

دوابەدوای كۆبوونەوەكە بەدر زیادی، پەرلەمانتاری ڕەوتی سەدر لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، دەرگای گفتوگۆ ‏لەگەڵ لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی جگە لە كوتلەكەی نوری مالكی كراوەیە.

هاوكات پەرلەمانتارێك، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، ئەوەی خستووەتەڕوو كە ڕێبەری ڕەوتی سەدر دیداری لەگەڵ هەر ‏نوێنەرێكی فراكسیۆنەكەی نوری مالكی ڕەتكردووەتەوە و، خواستی خۆی بۆ گفتوگۆ ‏لەگەڵ هەر هێزێكی دیكەی چێوەی هەماهەنگی خستووەتەڕوو.‏

بابەتی پێشتر

دەوامی فەرمی لە كەركوك بۆ نیوە كەمكرایەوە

بابەتی دواتر

سەرۆکی فایزەر ماوەی کۆتاییهاتنی کۆرۆنا و سەلامەتیی ڤاکسینەکانی منداڵان ئاشکرادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سودانی و ئەسەد كۆبوونەوە

سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی سوریا لە ریاز چەند پرسێكیان تاوتوێكرد. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ…
زیاتر ببینە

لیژنەكەی نوێنەران توركیای بە داگیركاری تۆمەتباركردووە، داوا دەكات لە ئەنجومەنی ئاسایش سكاڵا تۆماربكرێت

ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق سەردانی ناوچە سنورییەكانی كرد، لە ڕاپۆرتەكەیدا هێرشەكانی توركیای بە داگیركارانە ناوبردووە، داوای كردووە حكومەت…
Total
0
Share