سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکارییەکانی ساڵی 2021ی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە، 353 پێشێلکاری بەرامبەر 260 ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، ئامارەكە زۆر جیاوازە لەو ئامارەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان پێشتر ڕایگەیاندبوو.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، لەو پێشێلکارییانەی تۆمارکراون 189 ڕێگری و جیاکاری، 81 هێرش و لێدان و سووکایەتیکردن، 25 دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا تۆمارکراون.
هەروەها 25 دۆسیەی زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراون، 13 هەڕەشەکردن، حەوت شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و یەک حاڵەتی تەقەکردن هەبوون.
هەر بەپێی ئامارەكانی میترۆ، ساڵی رابردوو چوار حاڵەتی ڕۆژنامەنووسی حوکمدراو بەدەر لەیاسای ڕۆژنامەنووسی هەبوون، دوو هەڵکوتانەسەر و داخستنی بارەگای کەناڵیش تۆمارکراون، شەش حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە ڕۆژنامەنووسانیش بوونیان هەبووە.
میترۆ جگە لە ئامارەكانی ساڵی ڕابردوو، ئاماری ساڵانی 2010 بۆ 2020یشی بڵاوكردەوە، لەو ماوەیەكدا دوو هەزار و 632 حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر دوو هەزار و 165 ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی تۆمارکراون.
پێشتر سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئامای پێشێلکارییەکان ی ساڵی ڕابردووی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی 2021دا 79 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامدراون، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووس و دەزگا ڕۆژنامەنووسییانەی پیشێلکارییان بەرامبەر کراوە 187 ڕۆژنامەنووس و دەزگا بوون.
حاڵەتەکان بەمشێوەیە بوون، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان 17 حاڵەت، ڕێگەنەدان و جیاکاری 31 حاڵەت، هێرش و سووکایەتی 22 حاڵەت، لێدان چوار حاڵەت، هەڕەشە دوو حاڵەت و داخستنی کەناڵ سێ حاڵەت تۆمارکراون.
بەراورد بە ئامارەكانی میترۆ، ئەو ئامارانەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندبوون لەبارەی پێشێلكارییەكانەوە، زۆر كەمترن.